یەكشەممە, 3 يون 2018 – 18:48 ڕۆژنیوز – سلێمانی
کاتژمێر ٠٥:٠٠ی ئێوارەی ئەمڕۆ، لە ئەمنەسوورەکەی شاری سلێمانی، بە بەشداریی ژمارەیەک پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی، کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاریی بۆ تاوتوێکردنی داگیرکارییەکانی تورکیا لە باشوری کوردستان بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، ئامادەبووان بەپێویستیان زانی، کە دژی داگیرکارییەکانی تورکیا، خۆپیشاندانی سەرتاسەریی ئەنجامبدرێت و چالاکییەکان ببرێنە سنوری ناوچەی سیدەکان، بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە لە مەترسییەکانی سوپای تورک هۆشیار بکرێنەوە.
باس لەوەش کرا، کە کۆبوونەوەی جەماوەریی لەبەردەم کۆنسوڵی وڵاتاندا ئەنجامبدرێت و داواکارییەکان بۆ ڕاگرتنی داگیرکارییەکانی تورکیا، پێشکەشی نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت، هەروەها سەردانی پەرلەمانی ئەوروپاش بکرێت و لە بارودۆخەکە ئاگاداربکرێنەوە.
هەروەها تاوتوێی دروستکردنی لیژنەیەک کرا، بۆ ئەوەی سەردانی لایەنە سیاسییەکان و حکومەت و پەرلەمان بکات، بۆ ئەوەی بە هەڵوێستەکانیان ناچاریان بکەین، کە هەنگاوی جددی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکارییەکان بنێن.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەختکرایەوە، کە پێویستە بایکۆتی کەلوپەلی تورکی بکرێت، بۆ لێدان لە ئابووریی تورکیا.
بەشێک لە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە پێیان وابوو، کە دەبێت هێزێکی سەربازیی پاراستن لە هاوڵاتیان دروستبکرێت، بۆ پاراستنی سنوورەکانی باشوری کوردستان، بۆ ئەوەی حزب توانای نەبێت لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا فەرمانی پێبکات.
ئاماژە بەوەشکرا، کە لیژنەیەک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرنووسەر و بەڕێوبەری دەزگاکانی ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان دیاریبکرێت و ڕاگەیاندنەکان لە ئاستی مەترسیداریی دۆخەکە ئاگاربکرێنەوە.
ب.ل