هاوسەرۆکانی کۆدار و پژاک پەیامێکی هاوخەمیی بۆ شەهیدبوونی فەرهاد شبلی بڵاودەکەنەوە و بە گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەڵێن: لەو بڕوایەداین تێکۆشانی ئێوە دەبێتە مۆدێلی دروست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان و بەوەش تۆڵەی هەڤاڵ فەرهاد و کەسانی وەک ئەو دەکەنەوە.
دەقی پەیامەکەی هاوسەرۆکانی کۆدار و پژاک:
رێگا و ڕێبازی شەهید فەرهاد بەردەوام دەبێت
بەڕێز بێریڤان خالید
بەڕێز عەبدولحەمید ئەلمەهباش
بنەماڵەی هەڤاڵ فەرهاد شبلی
گەلی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا
بە خەمێکی زۆرەوە هەواڵی شەهیدبوونی هەڤاڵ فەرهاد شبلی تێکۆشەری گەورەی گەلی کورد و جێگری هاوسەرۆکانی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریامان بیست. ئەوە خەسارەت و زیانێکی گەورەیە بۆ گەلی کورد و هەموو گەلانی ڕۆژئاوا و سوریا و ناوچەکە و بۆ تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی گەلانی ناوچەکە.
ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخێکی بێچارەیی و ئاگردایە، کە شایستەی ئەو دۆخە نییە. باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەسیستمی بەڕێوەبەریی بووەتە پریشک و ئومێدێک بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە. ئەوانەی پێشەنگایەتی بۆ ئەو بەڕێوەبەرییە دەکەن، بوونەتە خزمەتکار و زەحمەتکێشی ڕێگای ئازادی، بۆیە لەلایەن دوژمنانی دیموکراسی و ئازادی و مرۆڤایەتییەوە دەکرێنە ئامانج.
فەرهاد شبلی ناوێکی گەورەیە و کەسایەتییەکی ئەفسانەییە، کە هەمیشە لە خەباتدا گەشاوە بووە. بەشێک لەجەستەی خۆی بەخشی، بەڵام دەستبەرداری خەبات نەبوو و هەمیشە تێکۆشانی زیاتری دەکرد. بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەر بە ڕەنج و فیداکاریی شەهیدانی وەک ئەو گەیشتووەتە ئاستێک، کە ئێستا هەموو گەلانی ناوچەکە شانازیی پێوەدەکەن و پێی سەربەرزن. هەر بەو هۆیەشەوە بووە ئامانجی دووژمنانی دواکەوتووی ناوچەکە و سەرۆک و سیستمەکەیان. شەهیدبوونی بەو شێوەیە مانادارە، ئەو تێکۆشەر و شەهیدی ڕێبازی ڕاستی و جوانی و چاکە و ئازادییە.
ئەو تەنیا شەهیدی ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نییە، بێگومان شەهیدێکە بۆ بەدیهێنان و دامەزراندنی دێموکراسی و ئازادی بۆ هەموو ناوچەکە و پێشەنگێکی مرۆڤایەتییە. ڕەنگە وەک مرۆڤێک جەستەیی بە شێوەی فیزیکی لێمان دوورکەوتبێتەوە، بەڵام ڕۆح و بیرۆکەکەی و ئەو فەلسەفەیەی پێی جوڵاوەتەوە و بۆی تێکۆشاوە، خۆشەویستیی بۆ ژیانی ئازاد، مرۆڤایەتی و برایەتیی گەلان ڕێگای تێکۆشانی هەرێمەکەمان ڕووناک دەکاتەوە. چۆن دوژمنی مرۆڤایەتی یەکگرتووە، ئێمەس تێکۆشەرانی دژ بە ستەمکاران و زاڵمان و سەردەستەکان لە دەوری کەسانی وەک فەرهاد شبلی یەکدەگرین و یەکگرتووین. هەرێمەکەمان یەکە و بە دڵنیاییەوە بەو شێوەیە ئازاد دەبێت و دەگاتە ئازادیی خۆی و ئارامی و سەقامگیری و دادپەروەریی خۆی بەدی دەهێنێت.
ئەمڕۆ چاوی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسەر مۆدێلی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەرە. چاویان لەسەر پێشەنگانی وەک هەڤاڵ فەرهادە و هەوڵ دەدەن وەک ئەوان لەسەر ڕێگای ئازادیی بڕۆن و تێبکۆشن. هەروەک چۆن شەهیدبوونی بۆ ئێوە قورسە، بۆ ئێمەش قورسە. ئێمە سەرەخۆشی لە ئێوە و بنەماڵەی نیشتمانپەروەر و وڵاتپارێزی شەهید فەرهاد شبلی و هەموو گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەین.
ئێمە لەو بڕوایەداین تێکۆشانی ئێوە دەبێتە مۆدێلی دروست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان و بەوەش تۆڵەی هەڤاڵ فەرهاد و کەسانی وەک ئەو دەکەنەوە. ئێوە سەلامەت بن، ڕێگا و رێبازی شەهید فەرهاد بەردەوام بێت. ئەو زیندووە و هەرگیز نامرێت، چونکە ئەو فەلسەفەیە، کە بڕوای پێ بوو، ماوەتەوە و دەشمێنێتەوە.
شەهید نامرێ
بەردەوام بێت ڕێگا پیرۆزەکەیان
هاوسەرۆکانی کۆمەڵگەی ئازاد و دیموکراتی کوردستان (کۆدار) فوئاد بێریتان – گوڵان فەهیم
هاوسەرۆکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) سیامەند موعینی – زیلان ڤەژین
ش.ف