کۆرۆنا بۆ کاسبکاران و کرێچییەکان دووجار بووەتە بەڵا

قەدەغەکردنی هاتووچۆ لە گەرمیان ژیان و گوزەرانی کاسبکاران و کرێچییەکانی دژوار کردووە، دوکاندارێکی کرێچی دەڵێت، دەسەڵات بێ باکە و بژێوی و گوزەرانیان لە بەرچاوناگرێت، دەستگێڕێکیش وتی: ڕۆژێک کار نەبێت گیرفانم بەتاڵە!.


لە سنوری ئیدارەی گەرمیان لە ۱٦ی مانگی مانگی ڕابردووەوە، بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، قەدەغەکردنی هاتووچۆ ڕاگەیەندراوە و سەرجەم بازاڕ و شوێنە گشتییەکان داخراون، ئەمەش گوزەرانی کاسبکاران و دوکاندار و کرێچییەکانی زەحمەتکردووە، بەوەی کە مانگانە کرێیەکی زۆر دەدەن و بێکارن، هەروەها زۆربەیان جگە لە کارەکانیان هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی بژێویان نییە، حوکمەتی هەرێمیش تا ئێستا هیچ بڕیار و پلان و هەوڵدانێکی نەبووە لەم بارەیەوە.

بێپلانییەکانی حکومەت بۆ هاوڵاتیان، ناڕەزایەتی و نیگەرانی دووکاندار و کاسبکاران و کرێچییەکانی بازاڕی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانی بەدوای خۆیدا هێناوە، لەم بارەیەوە بۆ ئێمە دەدوێن و پەیامی خۆیان دەگەیەنن.

ئومێد جومعە دوکاندارە و مانگانە بڕی ملیۆنێک و٥٠٠ هەزار دینار کرێی دوکان دەدات و دەڵێت: دەسەڵات لەخەمی کەسدا نییە و تەنها مەبەستیان بەدیهاتنی ئامانجەکانی خۆیانە و بەهەر بیانویەک بێت خەڵکیان لە ماڵەوە کەرەنتینە کردووە، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی بار و گوزەرانی ژیانی بکەن.

وتیشی: حکومەت ئامادە نییە دەست لە وەرگرتنی باج لە خاوەن موڵکەکان هەڵبگرێت و باجێکی زۆریان لێ وەردەگرێت لە بەرامبەر موڵکەکانیان، خاوەن موڵکەکان-یش مافی خۆیانە گەر لەکرێی دووکانەکانیان خۆشنەبن، پێویستە دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە و هاوڵاتیان بچنەوە سەرکار و پیشەی خۆیان، بۆ ئەوەی چیترکەرامەتی مرۆڤ بەهۆی بژێویەوە لەکەدار نەکرێت.

عەبدولجەبار عەلی، هاوڵاتییەکی کرێچییە و خاوەنی خێزانە و بژێوی ژیانیان لەسەر عارەبانەکەیەتی کە ڕۆژانە حەماڵی پێدەکات، وەها باس لە دۆخی خۆی دەکات: سەرەڕای بێ ئیشی و بێکاری، مانگانە بڕی ٢٠٠هەزار دینار دەدەم بە کرێی خانوو، گەر ڕۆژێک کارم دەستنەکەوێت ناچار بە گیرفانی بەتاڵەوە دەگەڕێمەوە لای خێزان و چوار منداڵەکەم، داواکارم حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاوڕ لەژیانمان بدەنەوە کە ڕۆژانە چاوەڕێی بژێوییەکی حەڵاڵین.

دڵشاد غەریب دووکاندارە و جگە لە کرێی دووکانەکەی کە مانگانە ٨٥٠ هەزار دینارە، مانگانە بڕی ٢٠٠هەزار دینار_یش بەکرێ خانوو دەدات و دەڵێت: گەر حکومەت بە هانامانەوە نەیەت لەپێدانی کرێ بە خاوەن موڵکەکان، ئێمە ناتوانین بەبێ کارکردن ئەو کرێیە پەیدابکەین و گوزەرانمان زۆر قورس دەبێت، ئێمە لەبەر بەرژەوەندی گشتی پابەندین بە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆوە، کەچی خۆمان بووینەتە قوربانی، هەروەها داواکارین لە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، ڕەچاوی ژیانی کاسبکاران و کرێنشینان بکەن و ژیانی هاوڵاتیان لەمە خراپترنەکەن.

س.ح