کۆرۆنا لایەنە شەڕکەرەکانی یەمەن ناچار بە ئاگربەست دەکات

لایەنە شەڕکەرەکانی یەمەن پێشوازی لە ڕاگەیاندنی ئاگر بەست دەکەن و هەوڵەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەخەنە گەڕ.


لایەنەکانی یەمەن دواجار بەدەم داواکەی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە هاتن بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە ناوچە نائارامەکانی وڵات و یەکخستنی هەوڵەکانی حکومەت و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لەکاتێکدا هێشتا هیچ حاڵەتێکی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە یەمەن تۆمار نەکراوە، بەڵام ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداریدا لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و مردنی ڕێژەیەکی زۆر خەڵکی بەهۆی داڕووخانی کەرتی تەندروستی یەمەنەوە، ئەویش بەهۆی شەڕی پێنج ساڵەی ناوخۆوە.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ئەنتۆنیۆ گۆترێش سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان داوای ڕاگرتنی شەڕی لە سەرانسەری جیهان کرد بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، کە ئێستا بە خێرایی بڵاودەبێتەوە.

هەریەک لە حکومەتی یەمەن کە تەنها لە پایتەختدا دەسەڵاتدارە و هێزەکانی هاوپەیمانی عەرەبی بە ڕێبەرایەتی سعودیە و سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی باڵا لە سەنعا کە ڕێبەری یاخیبوان و چەکدارانی حوسی دەکات، ڕەزامەندی خۆیان بۆ ڕاگرتنی شەڕو پەلامارەکان دووپاتکردەوە.

س.ح