کۆسرەت ڕەسوڵ داوای ڕاگرتنی شەڕو ڕێگەگرتن لە کارەساتی مرۆیی دەکات

بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر ڕۆژئاوا، باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەپەیامێکدا، کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، داوای ڕاگرتنی شەڕو ڕێگەگرتن لە کارەساتی مرۆیی دەکات.


کۆسرەت رەسوڵ جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایگەیاند: کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چۆن لە تێکشکاندنی داعشدا پشتیوانی گەلی کوردستان بوون، لەم پەلاماردان و لەشکرکێشیەشدا بێنەدەنگ بۆ ڕاگرتنی شەڕو ڕێگەگرتن لەکارەساتی گەورەی مرۆیی و تێکچوونی ناوچەکە.

داوایشیکردووە: لە کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی ئەنجوومەنی ئاسایش گەلەکەمان نائومێد نەکەن و لەبەرژەوەندی ئاشتی و ئاسایشیدا بڕیار بدەن.

دەقی پەیامەکە:

بەداخەوە سەرباری هۆشداری و ناڕەزایی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، لەشکرکێشی و پەلاماری بۆ باکوری سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێکرد، کە سەرباری پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکان و سەروەری خاکی سوریا، ژیانی هەزاران مرۆڤی مەدەنی بێدیفاع لەژێر مەترسی تۆپباران و ئاگری شەڕدان.

پەنابردن بۆ بژاردەی شەڕ و بەلاوەنانی بژاردەی ئاشتی و چارەسەری سیاسی، کارەساتێکی گەورەی مرۆیی دەخوڵقێنێ و ئاسایش و ئۆقرەیی ناوچەکە و جیهانیش دەخاتە مەترسیەوە و جارێکی تر هەڕەشەی تیرۆر كوچي به ليشاو بەجۆرێکی تر سەرهەڵدەداتەوە.

داوا لە کۆمەڵگای نێوەوڵەتی دەکەین، چۆن لە جەنگی تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعشدا، پشتیوانی گەلی قارەمانی کوردستان بوون، لەم پەلاماردان و لەشکرکێشەیشدا، بێنەدەنگ بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ڕێگەگرتن لەکارەساتی گەورەی مرۆیی و تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە. لەمڕووەوە داوا لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش دەکەین، لە کۆبونەوەی چاوەروانکراویاندا گەلەکەمان نائومێد نەکەن و لەبەرژەوەندی ئاشتی و ئاسایشیدا بڕیاربدەن.

لەم بارودۆخە ئاڵۆزو مەترسیدارەدا، داوا لە هەموو هێزە سیاسیەکانی کوردستان و گەلی کوردستان دەکەم، تەبایی و یەکریزیمان بپارێزین و نێوماڵی کوردستان تۆکمەتر بکەین، هەموو هەوڵێکمان بخەینەگەر بۆ هاوکاری مرۆیی ئاوارەکان و بەکارهێنانی هەموو کەناڵە پەیوەندییە دیپلۆماتیەکان لە پێناوی ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی مەترسیەکان.

هەروەها دەستپێشخەری کۆبونەوەو ميوانداريكردني لوتکەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دەخەمەروو و بۆ پتەوکردنی تەبایی لایەنە سیاسیەکان و یەکریزی گەلەکەمان و یەکخستنی هەڵوێستەکان و ئامادەکاری بۆ رووبەروبونەوەی مەترسیەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکان.

سەربکەوێ ئاشتی ، نەفرەت لە شەڕو خوێنڕشتن.

کۆسرەت رەسول عەلی

جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی