كۆلیژی پەروەردەی شارەزوور ئیدانەی زیندانیكردنی مامۆستا زارا محمەدی كرد، كە لەسەر وتنەوەی وانە بەزمانی كوردی سزای پێنج ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێنرا.
ئێوارەی ئەمڕۆ لەهۆڵی شێركۆ بێكەس لەكۆلیژی پەروەردەی شارەزوور، لەچالاكیەكدا بڕیایری زیندانیکردنی زارا محەمەدی شەرمەزار کرا و ئەحمەد میرە، ڕاگری كۆلیژی پەروەردەی شارەزوور، وتەیەكی پێشكەشكرد و ڕایگەیاند: بەدرێژایی مێژوو گەلی كورد نمونەی زۆری قوربانیدانمان هەیە، لەگەڵ شەهیدبوون و كیمیاباران و بۆردومانكردن، بەڵام تائێستا فێرنەبووین ئەزمون لەمێژوو ڕابردوومان وەربگرین.
ڕاگری کۆلێژی پەروەردەی شارەزوور وتیشی، لەسەدەی٢١داین ڕژێمە داگیركەرەكانی وەك توركیا و ئێران و سوریا، ڕێگری دەكەن لەژێر پەردەی ئایەتەكانی قورئاندا كوردان بەشداری مافی ئاسایی خۆیان بكەن، هەموو مافە گەردوونیەكان جەخت لەوەدەكەنەوە بەكارهێنانی زمانی دایك مافێكی سروشتی هەموو تاكێكە هیچ ڕێگرییەك لەبەردەم بەكارهێنانیدا نیە.
میرە باسی لەوەشكرد: لەساڵی ٢٠٢٢ شاهید دەبین لەسەر ڕووداوێكی ئێجگار ناخۆش و سەرسوڕهێنەر ئەویش ئەوەی، هێشتا كۆماری ئیسلامی بەكارهێنانی زمانی كوردی لەڕیزی قەدەغەكراوەكان دادەنێت، مامۆستایەكی خاوەن قەڵەم زیندانی دەكات، ئەوەش لەگەڵ هەموو جاڕنامەكانی مافی مرۆڤ لەتەواویی دونیا بۆ ئازادی كەسەكان خراونەتە ڕوو ناتەبایە.
لەو چالاکیەدا چەندین چالاکی جیاواز دژی سزادانی زارا محەمەدی ئەنجامدرا، کە دوینێ بۆ خۆی ڕووی لە زیندانی سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد بۆ ئەوەی سزاکەی جێبەجێ بکرێت.
سۆزیا سەمین، خوێندكاریی زمانی كوردی كۆلیژی پەروەردەی شارەزوور، نیگەرانی خۆی لە سزادانی زارا محەمەدی نیشاندا و بۆ ڕۆژنیوز وتی: سزادانی زارا محەمەدی ئەو پەڕی ناعەدالەتیە، كوردێك هەستاوە بەفێركردنی ڕۆڵە كوردەكانمان بەئەلف و بێی كوردی هیچ زوڵم و زۆردارییەكی تێدانیە، بەڵام زیندانی دەكرێت، پێویستە حكومەتی هەرێم لەسەر ئەوە بێتە دەنگ و ئیدانەی ئەو بڕیارە بكات.
زارا محەمەدی پێشتر سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو دوای پێداچونەوەی دۆسیەکەی سزاکەی کرایە پێنج ساڵ و دواتر سزای پێج ساڵەکەی بەسەردا سەپێندرا و دوینێ ئەو مامۆستا کوردە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە چالاکی مەدەنی و خەڵکی شارەکە ڕووی لە زیندان کرد.
بەهادین شێخ كەمال، سەرپەرشتیاری مەراسیمەكەی کۆلێژی پەروەردەی شارەزوور بۆ ڕۆژنیوز وتی: وەك بەشی كوردی كۆلیژی پەروەردەی شارەزوور لەم چالاكیەی ئەمڕۆماندا هەستاین بەپشتگیركردنی مامۆستا زارایی محەمەدی، داواشمان لەبەرپرسانی حكومەتی هەرێم هەیە، لەڕێگەی پەیوەندییەكانیانەوە بچنەوە بەسەر ئەو كەیسەدا، بۆ ئەوەی ئەو حكومە نەسەپێنرێت بەسەر مامۆستا زارادا.
ها-غ