دەستەی دادوەریی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دوای پێداچوونەوە بە تانەکاندا، ئەنجامی کۆتایی و ناوی براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی پەسەند کرد، بەگوێرەی ئەنجامەکان لە سەرانسەری عێراق پێنج کورسی گۆڕانکاریی بەسەرداهاتووە.
ئەمڕۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەفەرمیی بڵاوکردەوە و ناوی کاندیدە سەرکەتووەکانی بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە.
بەپێی ئەنجامەکان یەنەکە لە هەولێر و موسڵ دوو کورسی زیادکردووە و هەرێم کەمال ئاغا و ڕونزی زیاد سەرکەوتوون و ژمارەی کورسیەکانی بەرزبوونەتەوە بۆ ١٩ کورسی، پەدەکەش دوو کورسی کەم کردوە و ژمارەی کورسیەکانی دابەزیوە بۆ ٣١ کورسی، کورسی پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆکیش گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە.
بەپێی ئەنجامەکان ئەو کورسییانەی کە گۆڕانکارییان بەسەرداهاتووە هەریەک لە پارێزگاکانی هەولێر، موسڵ، کەرکوک، بهغدا و بهسره بوون.
هەر بەپێی ئەنجامەکان، کۆی ژمارەی دەنگدەران گەیشتووەتە نۆ ملیۆن و ٦٢٩ هەزار و ٦٠١ دەنگ، ئەوەش دەکاتە ٤٤٪ی کۆی ژمارەی دەنگدەرانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١. هاوکات ٨٪ی دەنگەکانیش پووچەڵبوون، کە دەکاتە ٧٢١ هەزار و ٩٧٩ دەنگ.
ب.ل