کۆمیتەی ئازادیی بۆ ئۆجالان بانگەوازیی بۆ خۆپیشاندانی سبەینێ دەکات

سبەینێ خۆپیشاندانێکی فراوان دژ بە ڕفاندنی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە ئەنجام دەدرێت و تێیدا ڕفاندنەکەی و گۆشەگیرکردنی شەرمەزار دەکرێت، لەسەر دوایین ئامادەکارییەکانیان، کۆمیتەی ئازادیی بۆ ئۆجالان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا زانیارییان خستەڕوو، هەروەها داوای بەشداریی لە هاوڵاتیانی شارەکە دەکەن.


ئەمڕۆ لەبەردەم سینەما سالم لە شاری سلێمانی، کۆمیتەی ئازادیی بۆ ئۆجالان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی بەڕێوەبرد و تێیدا باسیان لە خۆپیشاندانی سبەینێی شاری سلێمانی کرد.

لە کۆنگرەکەدا د.فایق گوڵپی ئەندامی کۆمیتەکە قسەیکرد و وتی، سبەینێ کاتژمێر ٠٢:٣٠ لە سەهۆڵەکە "شەقامی سالم" تا بەردەم باخی گشتی لە شاری سلێمانی خۆپیشاندانێکی هێمانەن ئەنجام دەدەن، وتیشی ئامانجیان ناڕەزایەتی دەربڕینە دژی گۆشەگیری عەبدوڵا ئۆجەلان.

هەروەها داوایکرد، کە کورد لە هەرشوێنێکە هەڵوێستی هەبێت و سبەی بەشداریی خۆپیشاندانەکان بکەن، لەوچوارچێوەیەدا هاوڵاتیانی سلێمانیش بێنە شەقام و بەشداریی خۆپیشاندانەکەی سبەینێ بکەن.

د. فایق ئاماژەی بەوەشکرد، کە خۆپیشاندانەکە ڕێگە پێدراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداری چالاکییەکەیانن و ئاستەنگی دروستناکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە، سبەینێ ١٥ی مانگ، ڕفاندنی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە، ٢١ ساڵ تەواو دەکات و پیدەنێتە ٢٢یەمین ساڵەوە، هەروەها بەبەردەوامیی گۆشەگیریی توند لەسەری بەردەوامە.

کۆمیتەی ئازادیی بۆ ئۆجالان، پێکهاتووە لە چەندین مامۆستای زانکۆ، پزیشک، چالاکوانیی سیاسیی و مەدەنیی و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا، لە باشوری کوردستاندا چالاکییەکانیان بە مەبەستی باشترکردنی ڕەوشێ ئۆجالان تا ئازادبوونیی بەڕێوەدەبەن.

س.ح