کۆمیتەی دیپلۆماسی هاوبەش بۆ کۆنفرانسی نەتەوەیی و ڕۆژئاوا کۆدەبێتەوە

کۆمیتەی دیپلۆماسی هاوبەشی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان لەژێر چەتری کەنەکە بۆ دەستپێکردنی ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسی نەتەوەیی کورد و دۆخی ڕۆژئاوا کۆدەبنەوە.


کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، لە ١٩ـەمین کۆبوونەوەی گشتی خۆیدا کە ١٨ی ئەم مانگە لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەچوو لەبارەی یەکێتی نەتەوەیی کورد چەند بڕیارێکی گرنگیدا کە یەکێکیان ئەنجامدانی کۆنفرانسی نەتەوەیی کورد بوو.

بەپێی زانیاری ئەندامانی بەڕێوەبەری کەنەکە، کۆمیتەی دیپلۆماسی هاوبەش لەژێر چەتری کەنەکە، ڕۆژی سێی مانگی ١١ لە بەلجیکا کۆدەبێتەوە و دۆخی سیاسی کوردستان و بە تایبەتی ڕۆژئاوای کوردستان تاووتوێ دەکات و لەسەر ئەمە نەخشە ڕێگای کار و خەباتەکانی دەستنیشان دەکات.

هەروەها پێدەچێت لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر کار و خەباتی کەنەکە بۆ بەڕێوەبردنی کۆنفرانسی نەتەوەیی کورد بڕیار بدرێت و پلانسازییەکەی ئامادە بکرێت و پێشبینی دەکرێت شاندێکی هاوبەش لە نوێنەرانی چوارپارچەی کوردستان و بەڕێوەبەری کەنەکە دەستنیشان بکرێت بۆ ئەوەی لە وڵاتانی جیهان دەست بە گەشتێکی چاوپێکەوتن بکەن.

لەسەر داگیرکاریی تورک لە ڕۆژئاوای کوردستان و هێرشەکان بۆسەر دەستکەوتەکانی کورد لە چوارچێوەی نەخشە ڕێگا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان هەندێک کاروباری کردەوەیی لە ئاستی دیپلۆماتی بەرنامەی بۆ دادەڕێژرێت.

ک.س