چوؤرشەممە, 1 أغس 2018 – 10:57 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ڕۆژی ١ی ئابی ٢٠١٥، کاتژمێر ٤:٠٠ی سەرلەبەیانیی فڕۆکە جەنگیەکانی سوپای دەوڵەتی تورک هێرشیانکردە سەر گوندەکانی بناری قەندیل و بەچڕیی گوندی زارگەلی-یان بۆردوومان کرد، بەوهۆیەشەوە هەشت هاوڵاتی کۆمەڵکوژبوون و زیاتر لە ١٠ هاوڵاتی دیکەش برینداربوون.
چۆن هەشت هاوڵاتی لەو بەرەبەیانەدا شەهیدبوون؟
لە یەکەم هێرشدا ماڵی مام خدر بەئامانج گیرا، لەوێ پورە ئایشێ هاوژینی مام خدر شەهیدبوو و چەند کەسی دیکە برینداربوون، کاتێک خەڵک بەهانای بریندارەکانەوە چوون، جارێکی دیکە فڕۆکە تورکییەکان خەڵکە مەدەنیەکەیان بۆردومان کردەوە، لەئەنجامدا حەوت کەسی دیکە شەهید بوون.
هەرلەو هێرشەدا مزگەوتی گوندەکە و چەندین ماڵ خاپوور بوون و زیانێکی زۆری ماددی بەرخەڵکی گوندەکە کەوت، ئەمە جگە لە وێرانبوون و ژەهراویی بوونی ژینگەی گوندەکە و سوتانی زەوی و ڕەز و باخی هاوڵاتیان و پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو.
دوای هێرشەکە، پاشماوەی موشەکەکان بەدیکران یەکێک لە موشەکەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا درێژیەکەی ٥. ٢ مەتر و قورساییەکەی یەک تۆن بووە.
ئەم بۆردومانانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە بە پێی ماددەی پێنجی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی جنێڤ، بەکارهێنانی ئەم جۆرە چەکە جەنگییانە قەدەغەیە، ئەم ماددەیە بەکارهێنانی ئەو چەکانەی قەدەغە کردووە کە دەبنە هۆی پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو.
ئەو ڕۆژەی کۆمەڵکوژییەکە ڕوویدا، شاندێکی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی پەرلەمان، سەردانی گوندی زارگەلی یان کرد بۆ لێکۆڵێنەوە لەو هێرشە، پاش گەڕانەوەیان شاندەکە راپۆرتی خۆی لەسەر بۆردومانەکانەکە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد و شەهیدکردنی هاوڵاتیانی گوندهكهی لهلایهن توركیاوه، به كۆمهڵكوژیی ناوبرد و داواشی کرد قهرهبووی دانیشتوانهكهی بكرێتهوه.
دوای تێپەڕبوونی چوار ساڵ هێشتا زیانلێکەوتوانی گوندەکە قەرەبوونەکراونەتەوە و خانووەکان بە ڕووخاویی ماونەتەوە.
زارگەلی، یەکەم هێرش و دواین هێرشی دەوڵەتی تورک نەبوو بۆسەر قەندیل و باشوری کوردستان بەگشتیی، بەڵکو پێش زارگەلی لە ٢١/٨/٢٠١١ فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا لە لۆفەکانی شاخی کورتەکی بناری قەندیل، بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی هاوڵاتییان کرد و بەو هۆیەوە حەوت ئەندامی یەک خێزان شەهید بوون کە منداڵی ساوایان لەناودابوو، پێش ئەوێش گوندی کەندەکوریان بۆردومان کردبوو بەهۆیەوە چەند کەسی مەدەنی شەهید و برینداربووبوون.
لەدوای زارگەلی-ش دەوڵەتی تورک چەندین کۆمەڵکوژیی دیکەی لە بادینان و دەڤەری سۆران پێکهێنا و نزیکەی ٢٠ کەس شەهیدبوون، ئێستاش ڕۆژانە بۆردوومانی ئەو ناوچانە دەکات و هاوڵاتیانی مەدەنی دەکاتە ئامانج، هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش جگە لە بێدەنگبوون هیچ هەڵوێستێکی دیکەیان نییە، بۆیە زامی زارگەلی هێشتا نەپێچراوە و لەگەڵ هەموو ساڵیادێکدا ژمارەیەکی دیکە شەهید بۆسەر ژمارەی شەهیدەکان زیاد دەکات.
https://www.facebook.com/hogr.kalar.16/videos/135936323980705/?t=47=
ش.ف