کۆمەڵی ئسیلامی: گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا لە ئاستی حزبییدایە

کۆمەڵی ئیسلامیی ڕایدەگەیەنێت، ئەو گفتوگۆیانەی ئێستا لەئارادان لەگەڵ بەغدا لەسەر ئاستی حزبییە، پرۆژەیەکش پێشکەش بە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی هەرێم دەکەن بۆ ئەوەی دەستەی دانووستان دروست بکرێت و دەستەکە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم بکات.


ئەمڕۆ، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، سەردانی مەکتەبی عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامییان کرد لە شاری هەولێر و لەلایەن ئەمیر و چەند ئەندامێکی سەرکردایەتیی ئەو حزبەوە پێشوازیی لێکرا.

دوای کۆبوونەوەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ڕێواس فایەق، ئامانجی سەردانەکەی ڕوونکردەوە، کە بەدەستهێنانی پشتیوانیی حزبەکانە بۆ پەرلەمان لە بابەتە چارەنوسساز و نیشتیمانییەکاندا.

هەروەها، وتی، کە باسیان لە دەستپێکردنەوەی نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان، پەیوەندیی نێوان هەرێم و عێراق و پرۆسەی چاکسازیی کردووە.

هەر لە کۆنگرەکەدا، عەبدولستار مەجید، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی وتی، کە باسیان لە دۆخی کەرکوک و ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش کردووە.

وتیشی: لە کەرکوک پێویست بە پشتگیریی زیاتر دەکات، بۆئەوەی کورد پێگەی خۆی لەڕێگای هەڵبژاردنەوە بەهیز بکاتەوە.

لەبارەی دەستووریشەوە، عەبدولستار مەجید، هەڵوێستی حزبەکەی بەمجۆرە خستەڕوو"دەستوور بە گرنگ دەزانین، بەڵام گوزارشت لە بۆچوونی هەموولایەک بکات و ڕێکبکەوین لەسەری، ناشبێت ئەو دەستوورە پێچەوانەی ماددەکانی دەستووری عێراق بێت".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامیی، ئاماژەی بە گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند کرد و وتی: ئەو گفتوگۆیانەی ئیستا هەن لەسەر ئاستی حزبیی و کەسییە، بۆیە فراکسیۆنی کۆمەڵ پرۆژەیاسایەکی ئامادەکردووە و پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی دەکات، بۆئەوەی دەستەی دانووستان لەگەڵ حکومەتی ناوەند دروست بکەین.

ڕوونیشیکردەوە، ئامانج لە دورستکردنی ئەو دەستەیە ئەوەیە"گفتوگۆکان لەسەر بنچینەی حزبیی نەبێت، دەستەکە نوێنەرایەتی حکومەت هەرێم بکات، بەرپرسیارێتییش بکەوێتە سەر هەموو لایەک".

ش.ف