کۆمەڵی ئیسلامی داوای ڕاگرتنی بەپەلەی هێرشەکان دەکات

ئەنجومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی بەیاننامەیەکیان لەسەر هێرش و بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر ڕۆژئاوا، باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا بڵاوکردەوەو تێیدا داوای وەستانی بەپەلەی شەڕو پاراستنی هاوڵاتیانیان کرد.


ئەنجوومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی لە بەیاننامەیەکیاندا هەڵوێستی خۆیان لەسەر هێرش و بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆسەر ڕۆژئاوا، باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا دەربڕی و تێیدا سنوربەزاندنی وڵاتێکی ئیدانەکرد و بە پێچەوانەی یاساو عورفە نێودەوڵەتیەکانی ناوبرد.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ئەنجومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی بەیاننامەیەک لەسەر هێرشی سوپای تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان لە سوریا بڵاو دەکاتەوە.

لەسەر ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان لەم چەند خاڵەدا جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دەکاتەوە:

یەکەم/ هەموو سنوربەزاندنێکی وڵاتێک بۆ نێو ولاتێکی دیکە ئیدانە دەکەین و بە پێچەوانەی یاسا و عورفە نێودەوڵەتییەکانی دەزانین، گەرچی لەم ساڵانەی دواییدا سوریا بووەتە گۆڕەپانی ململانێی هێز و وڵاتە هەرێمی و نێدەوڵەتییەکان.

دووەم/ گەلی کورد مافی خۆیەتی لە ناوچە و خاکی خۆیدا سەربەست و ئازاد بێت و خاوەنی ئیدارە و ئیرادەی خۆی بێت، بەڵام دەبێت پەندیش لە ڕابردوو وەربگرێت و زیاتر پشت بە خودا ببەستێت و لەسەر پێی خۆی بوەستێت و پلان و ئەجێندای ‌وڵاتانی زلهێز جێبەجێ نەکات و دواتریش پشتی لێ بکرێت، دەبێت بڕیار بەدەستانی ڕۆژئاوای کوردستانیش وریابن و بیانوو بەدەست هیچ هێز و وڵاتێکەوە نەدەن تا هێرشیان بکرێتە سەر و وەک مەترسی سەیربکرێن.

سێیەم/ ئێمە پێمان وایە بەکارهێنانی هێز بەدرێژایی مێژوو چارەسەری کێشەی کورد و وڵاتانی دیکەی نەکردووە و تاکە ڕێگای راست بۆ هەردوولا لە گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانە دەبینینەوە، لەم سۆنگەیەوە داوای وەستاندنی بەپەلەی شەڕ و پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە دەکەین.

‎کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان ١٠ – ١٠ – ٢٠١٩