کۆمەڵێک ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی باڵەکایەتی لە دژی پرۆژە یاسای ڕێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی کە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە گردبوونەوە و داوای ڕاگرتی ئەو پڕۆژە یاسایەیان کرد،
ئەمڕۆ لەهۆڵی ناوەندی کەلتوری چۆمان، کۆمەڵێک لە هاوڵاتیان و چالاکوانانی مەدەنی گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕای خۆیان لەسەر پڕۆژەکە خستەڕوو.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا ڕاگەیەندراوی گروپەکە خوێندرایەوە کە تێیدا هاتبوو: لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان لە ناو دەیان قەیرانی تاقەت پروکێنەری ئابووری و سیاسی و قانونی و کۆمەڵایەتی دەژین، هیچ ئاسۆیەک بۆ چارەسەرێکی ڕیشەیی و جدیی بەدی ناکرێت، تادێت قەیرانەکانیش زیاتر بەرۆکی خەڵک دەگرن.
هەروەها هاتبوو: لەدۆخێکی لەم شێوەیەدا، پەرلەمانی کوردستان کە دەبوو نوێنەرایەتی چین و توێژە جۆراوجۆرەکان بکات و پشتگیریی لە مافە دەستوری و یاساییەکانی نەخۆش و خوێندکار و کاسبکاری گیرفان بەتاڵ و مووچەخۆری مەزڵومی گەلی کوردستان بکات، کە بەشێوەیەکی نایاسایی لەلایەن دەسەڵاتەوە، مافەکانیان لێزەوتکراوە، بەپێچەوانەوە لە پەرلەمانی کوردستانەوە، هەوڵێکی دژە دیموکراسی و دژە ئازادی، بەپێچەوانەی تەواوی پێوەرە گەردونیەکان و حوکمڕانیەکی دیموکراس، دژ بە جارنامەی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیەتایبەتی و گشتیەکان، دەیەوێت لە ڕێگای دەرکردنی یاسایەک لەژێر ناوی ( پرۆژە یاسای ڕێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی) تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و تەواوی کۆمەڵگا بخاتە ژێر چاودێریی بە مانایەکی دیکە کۆمەڵگەی کوردی بکاتە زیندانێکی گەورە.
لە کۆتایشدا هاتبوو: لێرەوە، داوا لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە ناوخۆیەکانی هەرێم دەکەین، کە خۆیان بەبەرپرسیار بزانن، لەدۆخێکی لەم شێوەیەدا، پشتگیریی لە ئازادیی ڕادەربڕینی خەڵکی کوردستان بکەن، چونکە بەدەرکردنی یاساییەکی بەوشێوەیە ژیانی تایبەتی و ئازادیە تایبەتی و گشتییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق، دەکەونە بەر هەڕەشەی جدی.
د.ع