کۆمەڵە: تورکیا دەیەوێت قەیرانە ناوخۆییەکانی بە هێرش بۆسەر ڕۆژئاوا داپۆشێت

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕایدەگەیەنیت، کە دەوڵەتی تورک دەیەوێت قەیرانە ناوخۆییەکانی بە هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان داپۆشێت، دەشڵێت: گەلی کوردستان له هەموو بەشەکانی پێویستە ئەرکی ئینسانی، نەتەوەیی و خەباتکارانەی خۆی لە بەرامبەر ڕۆژئاوا بەجێبهێنێت.


کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ئەگەری هێرشی دەوڵەتی تورک بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەیدا کۆمەڵە دەڵێت:"دەسەڵاتدارانی تورکیە دەیانەوێت قەیرانەکانی نێو خۆیان و هەلومەرجی نالەباری وڵات بە لەشکرکێشی بۆ سەر  ڕۆژئاوا داپۆشن و بە کاولکردن و ماڵوێرانیی لەودیوی سنوورەکانی تورکیە ماڵ و دەسەڵاتی خۆیان بە ڕواڵەت ئاوەدان ڕاگرن".

سەبارەت بە سیاسەتی ئەمریکاش، دەڵێت:"لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا که له ناو شەڕ و قەیرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست به تایبەت له دە ساڵی ڕابردوودا سەرلێشێواو و به لۆژیکی “ئەزمون و خەتا” دەجوڵێتەوە و ئێستاش بۆ سات و سەودا زۆر به ئاسان  و بێ گوێدان بە کارەساتی مرۆڤیی لەوپەڕی بێ پەیمانی، ڕۆژئاوای داعش بەزێن بۆ ھێرشی تورکیە چوڵ دەکات، تا ڕەنگە بەم شێوەیە دیسانەوە تورکیە زۆرتر بەرەو خۆی ڕاکێشێت".

ئەوش هاتووە:"ڕۆژئاوا و گەلی کورد له بەرامبه‌ر ئەزمونێکی زۆر دژواردایە و هیچ ڕێگایەکی جگە له بەرخۆدانێکی یەکگرتوانەی جەماوەریی نییە، ئەم قۆناغەش رەنگە وەک زۆر ئەزموونی تاڵی دیکە شکستی سەربازیی بە سەر گەلی کورد و ئازادیخوازانی رۆژئاوادا بسەپێنێ، بەڵام بە دڵنیاییەوە نەک کورد تێیدا ناتوێتەوە، بەڵکو شەرمەزاریی بۆ داگیرکەران تێیدا تۆمار دەکرێت".

کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، ئەو ڕەفتار و ھەڵوێستەی ئەمریکا مەحکوم دەکات و ھێرشی تورکیا بۆ ڕۆژئاوا بە داگیركاریی دەبینێت، هەروەها خوازیاری وەستاندنی ئەو ھێرشەو، بەربەرکانێی گشتیی جیھانین دژ بەو پیلانە نامرۆڤانەیە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆمەڵەدا هاتووە:"گەلی کوردستان له هەموو بەشەکانی پێویستە ئەرکی ئینسانی، نەتەوەیی و خەباتکارانەی خۆی به جێبهێنێ و به جیهانی نیشان بدات، که ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ گەیشتنی کورد به مافەکانی، هەرگیز نە دموکراتیزە دەبێ و نە ڕووی ئارامی به خۆیەوە دەبینێت".

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا، کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، بانگەوازیی کوردەکانی دانیشتووی تاراوگه‌ دەکات، که لەم ڕۆژە دژوارەدا پاڵپشتی ڕۆژئاوا بن و بە ناڕەزایەتیی نیشاندان، دژ بەو پیلانە کارەسەتبارە بوەستن.

ش.ف