پێنجشەممە, 16 أبر 2020 – 10:28 ڕۆژنیوز-ناوەندی هەواڵەکان
دوێنێ نووسینگەی کۆمیتەی ناوەندی ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران- کۆمەڵە، لەسەر بۆردوومانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.
کۆمەڵە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا بە ئاماژەدان بە هێرشەکەی دوێنێی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر کامپی مەخمور و هێرشەکانی پێشووی کە دەیان کەسی مەدەنی بەهۆیانەوە شەهید و برینداربوون، بەبیری دەهێنێتەوە کە ئەو کامپە لەژێر چاودێری کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دایە.
لە بەردەوامییدا هاتووە: سوپای تورک بە دەستدرێژییکردنە سەر خاکی باشوری کوردستان، بە دامەزراندنی دەیان بارەگای سەربازیی لە قووڵایی ناوچەکە و بە بۆردوومانە بەردەوامەکانی، ماڵی خەڵکی وێران کردووە، ڕەز و باخەکانیان لەناو بردووە، ئارامی و ئاسایشی خەڵکی ناوچەکەی تێکداوە.
هەروەها بە ئاماژەدان بە بێدەنگی دەوڵەتی عێراق لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، هاتووە: ئەو پەڕی کاردانەوەکانی حکومەتی ناوەندیی عێراق، دەرکردنی ڕاگەیەندراوێکی فۆرماڵیتەیە و بە کردەوە دەستی دەوڵەتی تورکی لە بەردەوامیدان بە دەستدرێژی و سەرکوتکارییەکانی ئاوەڵا هێشتووە.
لە کۆتاییشدا هاتووە: هێرشی سوپای تورک بۆسەر کامپی پەنابەرانی مەخمور بە توندیی شەرمەزار دەکەین و هاودەردی خۆمان لەگەڵ خانەوادەی گیانبەختکردووان ڕادەگەینین، هاوکات جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەرکە لەسەر سەرشانی کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، تا بەرپرسیارێتیی خۆی بەرامبەر ئاسایشی ئەم خەڵکە بەجێی بێنێت و لە بەرامبەر دووبارەبوونەوەی ئەم تاوانە بێدەنگ نەبێت.
ش.ف