چوؤرشەممە, 20 يون 2018 – 11:04 ڕۆژنیوز – سلێمانی
کاتژمێر ٩:٠٠ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووەم ڕۆژی کۆنفرانسی پزیشکی شۆکی دەروونی لە ھۆڵی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەستیپێکردەوەو بڕیارە ئەمڕۆ کۆتایی بێت.
کۆنفڕانسەکەدا کە لەلایەن ڕێکخراوی پزیشکانی دەروونی بێسنوور و ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت و ڕێکخراوی کونیم -ی ھۆڵەندییەوە سازکراوە، تێیدا چەندین پزیشکی دەروونی باشووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان و وڵاتی ھۆڵەندا بەشدارن، لەگەڵ چەندین توێژەری دەرونی و کۆمەڵناس.
ئامانجی کۆنفرانسەکە ھاوکاریکردنی ئەو پەنابەرانەی ڕۆژئاوای کوردستانە لە باشووری کوردستان، کە لە ئاکامی جەنگی سوریا توشی شۆکی دەرونی ھاتوون.
لە بەشی یەکەمی کۆنفرانسەکەدا، دکتۆر نزار محەمد، پزیشکی دەرونی و سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، بابەتێکی پێشکەشکرد، لەژێر ناونیشانی “ئێمە ئێستا لەکوێی شۆکی دروونی- داین”، کە تێیدا باسی لە ڕووداواکانی کوردستان کرد و تیشکی خستە سەر ڕووداوەکانی شەنگال و کەرکوک و ڕۆژئاوای کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد، کە زۆرینەی ئەو کەیسانەی کە ڕووداوەکانی جەنگ توشی شۆکی دەروونی کردوون، ئێستا لە ھەرێمی کوردستان پەنابەرن.
دکتۆر نزار محەمەد، پێی وابوو کە زۆرینەی ئەو کەسانەی کە تووشی شۆکی دەروونی دێن پاش ماوەیەک بە ئیرادەی خۆیان خۆیان چارەسەر دەکەن، یاخود لەگەڵ بارودۆخە نوێکەدا خۆیان ئەگونجێنن، بەڵام ئەگەر ھاتوو کەسی تووشبوو نەیتوانی ئەوە بکات و شۆکە دەروونییەکەی سەری کێشا بۆ نەخۆشی دیکەی دەروونی ئەوا پێویستە چارەسەریی بۆ بکرێت.
بڕیار وایە لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا، سێ بابەتی دیکە پێشکەش بکرێت و پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کاتژمێر ٠٢:٣٠ کۆتایی بێت و ئەنجامنامە و کارنامەی دوای کۆنفرانسەکە ڕابگەیەندرێت.
س.ح