"کۆنگرەی نەتەوەیی هێرشی دووژمن دەوەستێنێت"

هاوڵاتیانی گەرمیان باس لەوە دەکەن، کە زەمینە لەبارە بۆ بەستنی گۆنگرەی نەتەوەیی و دەشڵێن: یەکدەنگیی دەتوانێت بەر بە هێرش و داگیرکارییەکان بگرێت.


کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، گەڕێکی دیکەی سەردانەکانی بۆلای لایەنە سیاسییەکان دەستپێکردووە بە ئامانجی یەکگرتن و پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی، لەلایەکی دیکەوە هونەرمەندان و توێژە جیاوازەکان داوادەکەن هەرچی زووە لەبەرامبەر دووژمن، کورد یەکێتیی خۆی دروستکات، لەوبارەیەشەوە هاوڵاتیانی گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

لەیلا ئەحمەد، چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی، هۆکاری هێرشە بەردەوامەکانی سەر گەلی کورد بۆ پەرتەوازیی ناوخۆ دەگەڕێنێتەوە، بە بۆچوونی ئەوە"بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی وا دەکات، دووژمن نەتوانێت زەفەرمان بۆ بێنێ و هێرش و داگیرکارییەکان دەوەستێنێت".

لەیلا، وتیشی: ئەگەر حزب و لایەنە سیاسییەکان ویستیان لەسەربێت، لە ئێستادا زەمینەیەکی باش لە بارە بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی.

هێمن شێرکۆ، خوێندکاری زانکۆیە و بەپێویستی دەزانێت، کە هەموو لایەنە سیاسییەکان، بەرژەوەندییە کەسیی و حزبییەکانیان بخەنەلاوە و هەوڵ بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بدەن، "چونکە گرنگترین هەنگاو یەکگرتنمانە".

هێمن، هەوڵەکانی کەنەکەی بەرز نرخاند، بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان و بە پێویستی زانی، پەلە بکرێت بۆ یەکڕیزیی، چونکە هەرچوار لامان بە دووژمن دەورەدراوە.

بیلال محەمەد، هاوڵاتییەکی دیکەیە و نیگەرانە لەوەی، کە بەدرێژایی مێژوو کورد پەرتەوازە بووە هەڵوێستی نەتەوەیی هاوبەشی نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا پێیوایە ئێستاش درەنگ نییە بۆ یەکڕیز بوون.

بیلال، هۆکاری نەبەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە "لایەنە کوردییەکان هەریەکەیان وابەستەی دەوڵەتێکی داگیرکەرن، یەکێکیان ئێران و یەکێکی تریان تورکیا"، وتیشی: لەکاتێکدا ئەگەر لە ناوخۆیاندا یەکڕیزبن، دەتوانن ڕووبەڕووی هەموو دەوڵەتە داگیرکەرەکان ببنەوە.

ش.ف