قەندیل
هاوشێوەی دەوڵەتی تورك، دەوڵەتی ئێرانیش سنورەكانی باشوری كوردستانی بەزاندوە و چەند كیلۆمەترێك لە سنورەكانی قەندیل هاتوەتە ناوەوە و بنکەی سەربازییان داناوە و ڕۆژانە تەقە لە شوانكار و ڕەوەندەكان دەكەن.
لەسەر لوتكە شاخەكانی زنجیرە چیای قەندیل سوپای پاسدارانی ئێران چەندین بنکەی سەربازیی داناوە و ڕەوند و كۆچەرییە كوردەكانی باشوری كوردستانیش تەنها دوو كیلۆمەتر لە دووری ئەوانەوە دەواریان هەڵداوە و ڕۆژانە ڕوبەڕوی چەندین مەترسی دەبنەوە.
ڕەوەندەكان دەڵێن زۆرجار شەوان ئێران تەقە بەسەر دەوار و ڕەشماڵەكانیاندا دەكات و ترس و دڵەڕاوكێی لای ژن و منداڵەكانیان دروست کردووە.
كامیرای ڕۆژنیوز دیمەنی چەند بنکەیەکی سەربازی ئێرانی وێنە گرتووە كە لەسەر سنورەكانی قەندیل دایمەزراندوون.
بەرەبەیانی ڕۆژێكی نوێیە، سەرەتای هەڵهاتنی خۆرە و چیاو دەشت و دۆڵ لە چاوەڕوانی بەركەوتنی تیشكی خۆرن، قەندیل وەك هەمیشە جوانی لێدەبارێت، باوەشی بۆ ڕەوەند و كۆچەریەكان كردۆتەوە.
لەگەڵ ڕێبوارێك كە ڕێگایەكی دووروو سەختی بڕی بوو سەركەوتین بۆ ناو ڕەوەندو كۆچەریەكان.
دەچینە هەواری خرەندۆڵ، هەواری فێنك و دڵڕفێنی ڕەوەندەكان، سنووری نێوان باشوری كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێرانە، ژیانی كۆچەریەكانی ئێرە دژوارە، ڕێگای گەیشتن بەم شوێنە پێنج کاتژمێرە.
برایم حاجی حەمەد، لە پێدەشتەكانی پشدەر و بیتوێنەوە دەیان كیلۆمەتری بڕیوە تاگەیشتووە بە خرەندۆڵ، ڕۆژانە لە دوای تەواوبونی ئەرک و ڕاییکردنی کارەکانیان، لەگەڵ کۆچەریەکانی دیکە لەژێر دەوارێکدا کۆدەبنەوە قسەو باسی خۆیان دەکەن.

مام برایم لە دێرزەمانەوە ئەم کارەی بۆماوەتەوە، هەربۆیە پێی قورسە دەستبەرداری بێت، ئەوان لە وەرزی هاویندا دێنە ئێرە تا کۆتایی مانگی نۆ دەمێننەوە.
هەرچەندە ئەم کۆچەرییانە ژیانیان لەناو ئاگر و زەحمەتیدا بەسەردەبەن، بەڵام بەهۆی هاوردەکردنی ئاژەڵی قاچاخەوە رەنجەکەیان بەبادەچێت، مام برایم دەڵێت شەوان بە بەرچاویانەوە ئاژەڵی وردە بە قاچاخ لە ئێرانەوە دەهێنرێتە ناوەوە و كەسیش ڕێگرییان لێ ناكات، “جارجارە لەبارەگاكانی ئێرانەوە تەقە لە مەڕی قاچاغ دەكرێت و هەندێكجاریش دەستی بەسەردا دەگریرێت”.
موحسین سلێمان یەكێكی ترە لە ڕەوەندەكانی قەندیل، لەگەڵی كەوتینە گفتوگۆ لەگەڵی، کەوتە باسی کۆن و ئاماژەی بەوە کرد، لە مێژە قەندیل شەڕی تێدایە، بەڵام ئەوان بەو حاڵەشەوە نایانەوێت چۆڵی بکەن و قەندیل بە پیرۆز ناودەبات.
ی.ک