یەكشەممە, 12 أبر 2020 – 08:15 ڕۆژنیوز – بەرهەم لەتیف
لە سەدەی ٢٠دا گەلێک کارەساتی مرۆیی بەسەر گەلی کورد-دا هاتن، بەڵام کەمیان وەک کۆڕەو توانیی ویژدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بجوڵێنێت، ئەگەرچی دڕندەیی وڵاتانی داگیرکەریش دژی کورد هەرچەند زۆربێت، بەڵام هۆکارێکی سەرەکیی ڕەواندنەوەی مەترسییەکان یەکگرتووییە، کە ئەمە هێشتا کوردی وەک پێویست بەخۆیەوە نەیبینیەوە، بۆیەش کۆڕەو چەند بارە بووەوە.
كۆڕەو تەنها چەمكێک نەبوو بۆ ڕەوی زیاتر لە ملیۆنێک مرۆڤ، بەڵكو ترس لە كۆمەڵكوژی و قڕكردن ڕەهەندێكی سەرەكی بوو، ئەو كۆڕەوە ملیۆنییەی کە ساڵی ١٩٩١ بەسەر باشوری کوردستاندا هات، کوردی لە باشوری کوردستان گەیاندە ناوەندە جیهانییەکان، ئەگەرچی بەرنامە بۆداڕێژراو نەبوو، بەڵام ستەمی ڕژێمی بەعسی لەسەر گەلی کورد زیاتر بەدنیا ناساند و دەنگی دایەوە.
ئەوەش وایکرد وڵاتانی زلهێز هەرزوو کۆمەڵێک بڕیار بۆ وەستاندنی کۆمەڵکوژییەکی دیکە لەسەر کورد دەربکەن، کە دیارترینیان بڕیاری ٦٨٨ و ڕاگەیاندنی هێڵی ٣٦ بوو، ئەوەش جۆرێک لە زامنیی دایە گەلی کورد و وایکرد لە سەرەتاکانی مانگی چواری ١٩٩١ـەوە کۆچی پێچەوانەی ئاوارەکانی باشوری کوردستان دەستپێبکاتەوە، کە دەکاتە ٢٩ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ.
لێرەدا گوزەرێکی خێرا بە ڕووداوەکانی ئەو سەردەمەدا دەکەینەوە و هەندێک لە دیوەکانی کۆڕەو بەبیردەهێنینەوە، بۆ ئەوەی تێبگەین لەوەی بۆچی کۆڕەو ڕوویدا و چی وایکرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێتە سەرخەت و بڕیار لە بەرژەوەندیی کورد دەربکات.
لە ئەنجامی ڕاپەڕینی ٥ی ئازاری ساڵی ١٩٩١ی باشوری کوردستان کە چەخماخەکەی لە ڕانیەوە لێیدا و لە کەرکوک گیرسایەوە، خاکی باشوری کوردستان لەدەستی ڕژێمی بەعس دەرهێندرا، بەڵام دوای ٨ ڕۆژ لە کۆتایی ڕاپەڕین، ڕژێمی بەعس بە هێزێکی زۆرەوە ڕوویکردەوە باشوری کوردستان.
ئەوەش باشوری کوردستانی ڕووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی گەورە کردەوە و لە ٢٨ی ئازارەوە خەڵک بەناچاریی ئاوارەی ڕۆژهەڵات و باکوری کوردستان بوون، نزیکەی ٣ ملیۆن کەس بۆ ڕزگاربوون لە هێرشی دڕندانەی ڕژێمی بەعس ملی ڕێگایەکی هات و نەهاتیان گرتەبەر.
دەوڵەتی ئێران سنوورەکانی بەڕووی ئاوارەکانی باشوری کوردستاندا کردەوە، بەڵام دەوڵەتی تورک بۆ ماوەیەک دەروازەکانی بەڕووی خەڵکی ئاوارەدا داخست و ڕێگای پێ نەدان بپەڕنەوە بۆ سنوورەکانی باکوری کوردستان، بەو هۆیەشەوە سەدان کەس لەبەر سەختی بارودۆخی تەندروستیی و برسێتیی گیانیان لەدەستدا.
کوڕەو لە دۆخێکی سەختی کەشوهەوادا بوو، ئەو ڕۆژانەی کە خەڵک بەپێ ڕێگای ئاوارەییان گرتبووە بەر، بەفر و بارانێکی زۆریش دادەباریی، باران و برسێتیی و نەبوونی شوێن و ڕێگای پێویست و ماندوێتیی ڕێگایەکی دوور و بوونی مین-ێکی زۆری شەڕی ئێران و عێراق لە ناوچە سنوورییەکان، بووە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران کەس، کە زۆرینەی قوربانییەکانیش ژن و منداڵ بوون.
هەرچەندە پێشتر تاوانیی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە بەسەر گەلی کورد-دا هاتبوو قوربانی زۆرتری تێدا درابوو، کارەساتی دڵتەزێنتری لێکەوتبووەوە، بەڵام ویژدانی وڵاتە زلهێزەکانی وەک پێویست نەهەژاندبوو بۆ ڕاگرتنی ئەو ستەمی ڕژێمی بەعس لەسەر گەلی کورد، بەڵام کۆڕەو ئەگەرچی پلان بۆداڕێژراویش نەبوو، توانی دەنگدانەوەیەکی گەورە بەدوای خۆیدا بهێنێت.
دیمەنە تراژیدییەكانی كۆڕەو، ویژدانی مرۆڤایەتیان دەهەژاند، كاریگەری زۆری كردە سەر ڕای گشتی جیهان، ڕۆژی ٥ی نیسانی ١٩٩١ واتە تەنها حەوت ڕۆژ دوای دەستپێكردنی كۆڕە و، بریاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق دەركرا، بەمەش قۆناغیكی نوێ لە ژیانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی لە عێراق هاتەكایەوە.
بڕیارەكە داوای وەستاندنی زوڵم و سەركووتكردن و ئەنجامدانی دانووستان و گفتوگۆی كراوەی دەکرد، كە زامن بێت بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و مافە سیاسییەكان بۆ هاوڵاتیان لە سەرانسەری عێراق-دا.
بەڵام وڵاتانی زلهێز وەک بڵێی ئەو دۆخەیان قۆستبێتەوە بۆ دابڕاندنی کەرکوک لە باشوری کوردستان، بەناوی ناوچەی ئارام و دژەفڕینەوە کە بەهێڵی ٣٦ ناسرابوو بۆ پاراستنی كورد لە دەستدرێژی هێزەكانی عێراق، سەرجەم ناوچەکانی ماددەی ١٤٠یان لە باشوری کوردستان جیاکردەوە، هەرچەند پاشتریش زۆر هەوڵدرا بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێڵی٣٦ بۆ ٣٤ بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجامبوون.
دەرکردنی ئەو بڕیارانە ئاهێکی بەدڵی کورد-دا هێنایەوە و ئیدی کۆچی پێچەوانە دەستیپێکردەوە، لە سەرەتاکانی مانگی چوارەوە هێدی هێدی خەڵک دەستیان بە گەڕانەوە کرد بۆ سەر شوێن و جێگای خۆیان و تا ناوەڕاستی مانگی پێنج ی ١٩٩١ زۆرینەی ئاوارەکانی باشوری کوردستان گەڕانەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان.
كۆڕەو وێڕای ئەوەی كارەساتێكی مرۆیی بوو، لەهەمان كاتیشدا جووڵەیەكی بەكۆمەڵی نەتەوەیەک بوو كە زۆر ئاماژەی گەورەی تێدا بوو، کە دیارترینیان خۆدەربازكردن بوو لە كۆت و بەندی دەسەڵاتێكی دژ بە ئازادی و ئەزموونەكانی ئەنفال و كیمیاییباران و هەڵبژاردنی ڕێگای ئازادیی، بۆ ئەوەی خۆیان لە كارەسات بپارێزن و چەند بارە نەبنەوە.
دوای ٢٩ ساڵ کۆڕەو بە شێوەیەکی جیاواز بەردەوامە
٢٩ ساڵ پێش ئێستا زوڵم و ستەمی ڕژێمی بەعس خەڵکی باشوری کوردستانی ناچار بە کۆڕەو کرد، لە ئەنجامی بەرخۆدان و تێکۆشانێکی سەختیشدا خاکی باشوری کوردستان ئازادبوو و خەڵک بەهیوای ژیانێکی ئازاد گەڕایەوە سەر خاکەکەی، بەڵام ئەمجارە ڕووبەڕووی کێشەی جۆراوجۆر بووەتەوە، ئەمەش جارێکی دیکە ملی کۆڕەوێکی دیکەی بە خەڵک گرتەوەبەر، سەرەکیترین پاڵنەرەکانی کۆڕەوی ئەم سەردەمەش بریتین لە: بێکاریی، نایەکسانیی، دەسەڵاتداریی و هەتا دوایی..
خەڵک هەر لە کۆتایی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە ڕوویان لە وڵاتانی ئەوروپا کرد و تا ئێستاش ئەم کۆچە بەردەوامە، بەتایبەتیش گەنجانی باشوری کوردستان بەهۆی ئەوەی دواڕۆژیان لێرە ڕوون نییە، هەموو ئەستەمەکان تاقیدەکەنەوە بۆ گەیشتنە ئەوروپا.
بەپێی دوایین سەرژمێرییەکانی ساڵی ٢٠١٩، زیاتر لە ٧ ملیۆن کەس لە باشوری کوردستان دەژین، لەو ژمارەیەش بەپێی سەرژمێرییەکی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی، زیاتر ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار هاوڵاتی باشوری کوردستان لە وڵاتانی ئەوروپان.
هەردی ئەحمەد، چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنیی لەبارەی هۆکاری کۆچی گەنجانی باشوری کوردستان بۆ دەرەوەی وڵات بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: خەڵک لە باشوری کوردستان بەهیوابوون لەژێر حکومڕانیی دەسەڵاتی کوردیدا ژیانێکی شایستە بژین، بەڵاو ئەزموون دەریخست ئەوان لەجێی ئومێدی خەڵک نەبوو، سەرەڕای ئەوەی خەڵک هەموو ڕێگایەکی مەدەنییشی تاقیکردەوە بۆ جێبەجێکردنی داواکانیان و بێ ئەنجامبوو، بۆیە بەناچاریی سەری خۆیان هەڵگرت.
لە كاتی كۆڕەوەكەدا هەموو كوردان لە هەرچوار پارچەی کوردستان و ئەوروپاوە هاتنە دەنگ و كێشە لاوەكییەكانیان خستە لاوە، کە دەکرێت کۆڕەو وەک وێستگەیەکی دیکەی یەک هەڵوێستیی کورد تەماشا بکرێت، چونکە چالاکییە مەدەنییەکانی کوردان لە سەرانسەری ئەوروپا وڵاتانی ناچار بە هەڵوێست و بەدەمەوەهاتن کرد، ئەمەش دەمانگەیەنێتەوە ئەو خاڵەی “بە یەکگرتوویی دەتوانین ئامانجەکانمان بەدیبهێنین و داکۆکی لە مافەکانمان بکەین”.
گەرچی كۆڕەو سیمبولی چەوساندنەوەی نەتەوەیەکە، بەڵام نە کۆڕەو و نە ئەنفال و نە کیمیاباران و نە کیمیابارانی سەردەشت و نە کۆمەڵکوژی قامیشلۆ و هیچکام لەو کارەساتانەی لە مێژوودا بەسەر گەلی کورد-دا هاتوون، نەبوونە وانەیەکی مێژوویی بۆ گەلی کورد، تا بۆ ڕێگرییکردن لە دووبارەبوونەوەی یەکبگرن، هەر ئەمەش ئەو هەلەی ڕەخساند کە لە سەدەی ٢١یشدا دیسانەوە ئەم کارەساتە لە شەنگال دووبارە ببێتەوە.
ساڵی ٢٠١٤ لە ئەنجامی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر شارۆچکەی شەنگال، سەدان هەزار کوردی ئێزدیی بەناچاریی ئاوارەی چیای شەنگال بوون بۆ خۆدەربازکردن لە دڕندەیی چەتەکانی داعش، سەرباری ئەوەش هەزاران ژن و پیاو بەدەستی چەتەکانی داعش کۆمەڵکوژکران و پێنج هەزار ژنی ئێزدییش بەدیل گیران.
کۆڕەوی مەزنی باشوری کوردستان جگەلەوەی بووە هۆکارێکی بەهێز بۆ دروستبوونی ستاتۆی هەرێمی کوردستان، هاوکات بووە دەروازەیەكیش بۆ خستنەڕووی تەواوی جینۆساید و تراژیدیا جەرگبڕەكانی خەڵكی كوردستان، كە ڕژێمی داگیركەری بەعس لە قۆناغە جیاجیاكانەوە دژ بەم گەلە ستەم دیدەیە ئەنجامی داون، لەپاڵ ئەوەشدا ڕیزەکانی کوردیشی تا ئاستێکی زۆر یەکخست، کە دەکرێت ئەمە وەک وانەیەکی مێژوویی لێکدانەوەی بۆ بکرێت، چونکە ئەو دوژمنایەتییەشی کە ئەمڕۆ دەوڵەتی تورک دەیکاتە سەر سێ پارچەی کوردستان، هیچی کەمتر نییە لەو زوڵم و ستەمەی ڕژێمی سەدام بەسەر گەلی کورد-دا هێنای، ئەمە دەمانگەیەنێت بەوەی ئەگەر کورد دەستی لەناو دەستی یەکتربێت، ئەوا دەتوانێت ڕووبەڕووی داگیرکەران بووەستێتەوە و سۆزی نێودەوڵەتییش بۆ دۆزەکەی ڕابکێشێت، بەڵام ئەگەر وەک ئەمڕۆ هەریەکەیان لە ئاوازێک بخوێنن، ئەوا دوورنییە ئەوەشی لە ئەنجامی کۆڕەودا بەدەستیان هێنا، لەدەستیان بچێت.
س.ح