دووشەممە, 2 يول 2018 – 23:25 ڕۆژنیوز – سلێمانی
درەنگانێکی ئەمشەو، کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیی کە بە (باروتخانەکە) ناسراوە، لە شارەدێی تاسلوجەی سەر بە شاری سلێمانی تەقییەوە.
عەقید سەردار مەحمود، بەڕێوبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی سلێمانی، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: تاوەکو ئێستا نازانرێت هۆکاری تەقینەوەکە چی بووە.
لەلایەکی دیکەشەوە، عەمید ئەحمەد لەتیف، وتەبێژی هێزەکانی ٧٠ی سەر بە یەکێتی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: بەهۆی ئاگرەکەوە دوو پێشمەرگە برینداربوون، بەشێوەیەک هەردووکیان قاچیان سووتاوە.
بەهۆی تەقینەوەکەشەوە ئاگرێکی گەورە لە ناوچەکە کەوتووەتەوە و تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هێزەکانی بەرگری شارستانیی سلێمانی سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن.
ساڵی ۱۹۸٤یش لە سەردەمی شەڕی عێراق-ئێران هەمان کۆگای چەک لە تاسلوجە تەقییەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمرۆ لەسەر رێگای هەولێر – پیرمام کۆگایەکی تری چەک و تەقەمەنی تەقییەوە.
جێگای باسە، مانگی ٨ی ساڵی ڕابردووش لە نزیك فڕۆكەخانەی هەولێر كۆگایەكی چەك و تەقەمەنی فەرماندەی زێرەڤانی ئاگری گرت و تەقییەوە، هەروەها هەر لە هەولێر سەرەتای ئەمساڵ كۆگایەكی دیكەی چەك و تەقەمەنی لەسەر شەقامی نەورۆز تەقیەوە، ڕۆژی ٣٠ی حوزەیرانی ئەمساڵیش لە بەحرکە کۆگایەکی دیکە تەقییەوە.
ب.ل