کۆگایەکی گۆشت و جگەر داخرا کە شوێنەکەیان کرمی کردووە

به‌رێوبه‌رایه‌تی ئاسایشی سلێمانی و لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامییه‌ت، كۆگایه‌كیان داخست كه‌ ته‌واوی خواردنه‌كانی ناوی بۆگه‌نیان كردبووه‌و دوكانه‌كه‌شی به‌هۆی پیسیه‌وه‌ كرمی  تێدابووه، بەڵام باس لە سزادانی خاوەنی دوکانەکە نەکراوە.


به‌پێی راپۆرتی لیژنه‌ی یه‌كی سه‌ر به‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە و وێنەیەکی بۆ ڕۆژنیوز نێردراوە، دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن 'به‌رێوبه‌رایه‌تی ئاسایشی سلێمانییه‌وه‌ - ناو شار' لیژنەکەیان ئاگاداركراونه‌تەوه‌ له‌ بوونی دوكانێكی ئاماده‌كردنی گۆشت و جگه‌ر له‌ گه‌ڕه‌كی صابونكه‌رانی شاری سلێمانی، لیژنه‌كه‌ سه‌ردانی ئه‌و دووكانه‌ی كردووه‌ و ده‌ركه‌وتووه‌ بڕێكی زۆر جگه‌ر و گۆشتی خراپبووی تێدایە.

لیژنەکە ئاماژەیان بەوەکردووە، کە گۆشت و جگەرەکان بە‌شێوه‌یه‌كی خراپ هه‌ڵگیراون و‌ بۆگه‌نیان كردووە، دوكانه‌كه‌شی به‌هۆی پیسییه‌وه‌ كرمی  تێدابووه، هەروەها ڕاگەیەندراوە، ده‌ستیان به‌سه‌ر بڕی زیاترله‌ ٤٠ كیلۆ جگه‌رو پارچه‌ی ئاژه‌ڵی گه‌ورهدا‌ گرتووه.

هه‌ر به‌پێی ڕاپۆرتی لیژنه‌كه،‌ ئه‌و كۆگایه‌ "هیچ مه‌رجێكی ته‌ندروستی و ژینگه‌یی تێدا نه‌بووه‌ و هیچ مۆڵه‌تێكیشی نه‌بووه‌، دوای چه‌ندجار ئاگاداركردنه‌وه‌ و غرامه‌كردن و داخستن به‌هۆی پابه‌ند نه‌بوون به‌مه‌رج و ڕێنماییه‌ ته‌ندروستی و پیشه‌ییه‌كانه‌وه،‌ له‌سه‌ر فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی كۆگاگه‌ داده‌خرێت تا ئه‌و كاته‌ی پابه‌ندی ته‌واوی مه‌رجه‌كان كاركردن ده‌بێته‌وه، هه‌ربۆیه‌ ته‌واوی ئه‌و جگه‌روگۆشته‌ی ناو كۆگاكه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی له‌ناوبردنه‌وه‌ له‌ناوده‌برێت".

جێگای ئاماژەیە، وێڕای داخستنی کۆگاکە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک باس لە سزادانی خاوەنی کۆگاکە نەکراوە، لە کاتێکدا دەکرێت لە ڕابردوودا زیانێکی زۆریان بە تەندروستی هاوڵاتیان گەیاندبێت.