کۆڵبەرێکی تەمەن ١٧ ساڵ خنکا

کۆڵبەرێکی تەمەن ١٧ ساڵ، لەکاتی تێپەڕبوون بە دەریاچەی گادر-دا خنکا.


بە  گوێرەی هەواڵێکی ئۆرگانی هەواڵی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران- هرانا، شەوی ڕابردوو کۆڵبەرێک لە کاتی تێپەربوون بە دەریاچەی  گادر، لە سنووری شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خنکا.

ئەو کۆڵبەرە ناوی ئارام زەردەشوانی-یە و خەڵکی گوندی گوندوێڵەی شاری شنۆیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە تەمەنی ١٧ ساڵە و تاکە منداڵی خێزانەکەی بووە، دوای ئەو ڕووداوەش تەرمەکەی لە لایەن خەڵک و مانگی سوورەوە دۆزراوەتەوە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

بە پێی هەندێک زانیاری، باوکی ئارام لە زیندان-دایە و خۆیشی لە شاری شنۆ سەرقاڵی سەرتاشیی بووە، بەهۆی ئەوەی توانای پێدانی کرێ دووکانەکەی نەبووە، بۆ یەکەم جار دەستی بە کاری کۆڵبەریی کردووە.

بەهۆی هەژاری و لاوازی ئابووری، کاری کۆڵبەری بووەتە پیشەی زۆرێک لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ مەترسی لە سەر ژیان-یشیان زیاتر دەبێت، کە سەرەڕای دژواری کارەکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بەردەوام مەترسی لە سەر ژیانیان دروست دەبێت.

ش.ف