کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران کوژرا

لە بەردەوامیی تەقەکردن لە کۆڵبەران لەسەر سنوورە دەستکردەکانی نێوان ڕۆژهەڵات-باکور-باشوری کوردستان، کۆڵبەرێک لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای ئورمیە کوژرا.


بەپێی هەواڵێکی کۆڵبەرنیوز ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکانی ئێران لەسەر سنوورە دەستکردەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باکوری کوردستان، لە ناوچە سنوورییەکانی شاری خۆی سەربە پارێزگای ئورمیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەستڕێژی گولـلەیان لە گروپێک کۆڵبەر کردووە و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا کۆڵبەرێک کوژراوە.

بەگوێرەی هەواڵەکە ئەو کۆڵبەرەی کوژراوە ناوی 'بەهمەن ڕەوشەنی' تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی گوندی'بلسوری خوارو' سەربە ناوچەی ئالەندی شاری خۆی لە پارێزگای ئورمیەیە.

هەروەها لە ناوچەی تەتەی هەورامان هیزە سنوورییەکانی ئێران کۆڵبەرێکیان بریندارکردووە و بارەکانیان تاڵان کردوون.

بەپێ ئامارەکان لەدەستپێکی نەورۆزی ئەمساڵەوە تا ئێستا بە تەقەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران، دوو کۆڵبەر کوژراون و حەوتی دیکەش بریندار بوون، کە خەڵکی پارێزگاکانی ئورمیە، سنە و کرماشانن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

 

ش.ف