کۆڵبەرێک کوژرا و چواری دیکەش برینداربوون

کوشتنی کۆڵبەران لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران بووەتە ڕووداوێکی ڕۆژانە و لە دوو ڕۆژی ڕابردوو کۆڵبەرێک کوژراوە و چواری دیکەش بریندار بوونە.


بەپێی هەواڵی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە لە سەر سنوورە دەستکردەکانی نێوان باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ناوچەی کانی زەردی سەردەشت هێرش کراوەتە سەر کۆڵبەران و لە ئەنجامی ئەو هێرشە کۆڵبەرێک بە ناوی جەعفەر مونیر، ٣٨ ساڵان بریندار بوو و هاوکات لە نزیکەی ئەو ناوچەیە کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی عادل شەفیعی کەوتووەتە بەر هێرشی هێزە چەکدارەکانی ئێران و بریندار بووە.

هەروەها، شەوی ڕابردوو لە بەرزاییەکانی کێلەشین گروپێک لە کۆڵبەران کەوتوونەتە بەر هێرشی هێزە چەکدارەکانی ئێران و لە ئانجامی هێرشەکە کۆڵبەرێک بە ناوی قادر سالحیان کوژراوە.

هەر دوێنێ، لە بێتووشی سەردەشت هێزە چەکدارەکانی ئێران تەقەیان لە دەستەیەکی کۆڵبەران کردووە، کە لە ئەنجامی ئەو هێرشە کۆڵبەرێکی خەڵکی بۆوکان بە سەختی بریندار بووە و گەیەندراوەتە نەخوشخانەی شاری سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

هەروەها، هەمان ڕۆژ لە بەرزاییەکانی داڵامپەڕ کۆڵبەرێک بە ناوی عومەر نەبی زادە خەڵکی مەرگەوەری ئورمیە کەمەری بەر گوللـەی هیزەکانی ئێران کەوتووە و بە سەختی بریندار بووە، پاشان گەیەندراوەتە نەخوشخانەکانی شاری ئورمیە.

جێگای ئاماژەیە لە مانگی ڕابردوو تا ئێستا زیاتر لە ٣٠ کۆڵبەر لە سەر سنورە دەستکردەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشور و هەروەها ڕۆژهەڵات و باکور لەبەر هێرش و تەقەی ڕاستەوخۆ هێزە چەکدارەکانی ئێران بوونەتە قوربانی، ئەمە لەکاتێکدایە ئەو کۆڵبەرانە بۆ پەیدا کردنی بژیوی ژیانی خۆیان و لەبەر بارودوخی خراپی ئابووریی ناوچەکە و نەبوونی هەلی کار دەست لەو کارە مەترسیدارە دەدەن، بەڵام ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرشی نامرۆڤانەی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەکەون و هەواڵی کوژران و بریندار بوونییان بڵاو دەبێتەوە.

ش.ف