کێشە لەنێوان بازرگانانی مەرزی پشتە و کۆمپانیایەکی کوالێتی کۆنترۆڵدا دروست دەبێت، هەردوولا یەکتر تاوانبار دەکەن بە پێشێلکردنی ڕێنماییەکان و دروستکردنی کێشە بۆ جموجۆڵی بازرگانی سنوورەکە.
ئەمڕۆ ژمارەیەک لە شۆفێر و بازرگانانی مەرزی پشتەی سەر بە شارەدێی بەمۆی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە هاتنە بەردەم نووسینگەی قوباد تاڵيبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە سلێمانی و داوایانکرد ئەو کۆمپانیایەی کاری کوالێتی کۆنترۆڵی مەرزەکە ئەنجام دەدات، کارەکانی ڕابگیرێت.
بێستون غاندی نوێنەری شۆفێرانی مەرزی پشتە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ماوەی دوو ساڵە بەبێ ئەوەی پشکینین بۆ هیچ بارێک بکات، کۆمپانیای لۆکس ئەیجنسی بەناوی کوالێتی کۆنتڕۆڵەوە پارە لە خەڵک وەردەگرێت، ئێستاش ئامێرێکیان هێناوە و کێشەی بۆ شۆفێر و بارەکان دروستکردووە.

بەوتەی خۆی، هەمان ئەو بارەی کە لۆکس ئەیجنسی لە مەرزی پشتە ڕێگەی پێ نادات هاوردە بکرێت، لە مەرزەکانی دیکەوە بەبێ هیچ کێشەیەک تێپەڕدەبێت، بریارە سبەینێ بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کۆببنەوە.
دوێنێ کۆمپانیای لۆکس ئەیجنسی ڕایگەیاند، هەفتەی ڕابردوو بەهۆی ڕێگریکردن لە هاوردەکردنی کەرەستەی پلاستیکی کوالیتی خراپ و ژەهراوی، لەلایەن ژمارەیەک شۆفێر و بازرگانی دیاری مەرزەکەوە هێرشیان کراوەتە سەر و زیانیان بە ئامێر و کەلوپەلەکانیان گەیاندووە.
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کردبوو هێرشی ئەو بازرگانانە لە کاردانەوەی ناڕازیبوونیان بووە لە ئەنجامەكانی پشكنینی كەرەستە پلاستیكیە هاوردەكراوەكانیان كە ڕۆژی پێشتر ١٢ نمونەیان بەهۆی دەرنەچونیان لە دەرەنجامی تاقیگەیی ڕەتكراونەتەوە.
ی. ک