کەجەکە: بەرخۆدانی ساکینە جانسز لە زینداندا ئێستا لە هەموو شوێنێکە

لە شەشەمین ساڵیادی شەهیدانی پاریسدا 'ساکینە جانسز – فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز'، کەجەکە پەیامێکی بڵاوکردەوە، تێیدا ڕایدەگەیەنێت، کە خەباتێک ژنان پێشەنگایەتی بکەن، هەر سەردەکەویت و دەشڵێن: ڕۆحی ئەو بەرخودانە کە ساکینە جانسز لە زیندانی ئامەد چەسپاندی، ئێستا لە هەموو شوێنێکدا هەستاوەتە سەرپێ.


ئەمڕۆ کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، لە تێەپڕکردنی شەشەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی شەهیدانی پاریسدا کە لە ٩-١-٢٠١٣دا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە پێکهات، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە:"ئێستا لە زیندانەکان، لە دەرەوە و لە هەموو ئەو شوێنانەی کورد تیایدا دەژین، بە پێشەنگایەتیی تێکۆشانی ئازادیی ژنان، بۆ تێکشکاندنی گۆشەگیریی سەر رێبەر ئاپۆ لە دژی فاشیزم تێکۆشان بەڕێوەدەچێت، ئەم تێکۆشانە کە ژن پێشەنگایەتیی بۆ دەکات، مزگێنی بەخشی ئەوەیە، کە ساڵی ٢٠١٩ دەبێتە ساڵێکی گەورە بۆ تێکۆشان".

"بە دڵنیاییەوە خەونی هەڤاڵانمان بەدیدێت"

کەجەکە لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت "شەش ساڵ لەوە پێش بە فەرمانی دەسەڵاتی ئاکەپە کادری دامەزرێنەی پەکەکە ساکینە جانسز، بەرپرسی دیپلۆماسیی کورد لە ئەوروپا فیدان دۆغان و کادری بزووتنەوەی گەنجان لەیلا شایلەمەز لە ناوەندی پاریس تیرۆرکران، ئەو کۆمەڵکوژییە وەک بەشێک لە هێرشی پاکتاوکاری و سڕینەوە لەسەر رێبازی سریلانکا لە دژی بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان ئەنجامدرا، داوا و خەونی ئازادیی ئەو هەڤاڵانەمان کە تیرۆرکردان، بە دڵنیاییەوە بەدی دێت و هەموو دوژمنانی کوردیش تێکدەشکێندرێن".

"هێرشەکان بە گۆشەگیریی ڕێبەر ئاپۆ دەستیپێکرد"

کەجەکە باسی لە پیلانەکانی دەوڵەتی تورک کردووە و ڕایگەیاندووە:"هێرشەکانی لەناوبردن و سڕینەوەی دەوڵەتی تورکی قڕکەر – داگیرکەر لە دژی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسیی گەلی کورد بە گۆشەگیرکردنی رێبەر ئاپۆ لە هاوینی ٢٠١١دا دەستیپێکرد، بۆ ئەوەی ئەو هێرشانەیان بۆ لەناوبردن و سڕینەوە سەربخەن، بەڕێوەبەرانی پەکەکەیان کردبووە ئامانج، لەبەر ئەوەی دەیانزانی ناتوانن لە چیاکانی کوردستان ئەو کارە بکەن، پەلاماری هەڤاڵ ساکینە بەرپرسی کاروباری ئەوروپا و هەڤاڵەکانیان دا، بە فەرمانی ئەردۆغان سەرۆک وەزیری ئەو کات پیلانی ئەو کۆمەڵکوژییە لەلایەن هاکان فیدان راوێژکاری میتەوە دانرا و کۆمەڵکوژییەکە لەلایەن عومەر گیونەی ئەندامی میتەوە ئەنجامدرا".

"ئاکەپە دەیخواست بە مۆدێلی سریلانکا بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان پاکتاو بکات"

ڕاشگەیاندراوە:"لە سیاسەتی پاکتاوکارانە و سڕینەوەی ساڵانی ٢٠١١ و ٢٠١٢دا بڕیاریاندابوو، کە هەموو شێواز و شێوەکانی شەڕی چەپەڵ بەکاربهێنن و لە ئەنجامدا لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەدا کۆمەڵکوژیی پاریس-یان ئەنجامدا، دەسەڵاتی ئاکەپە، کە دەیخواست بە مۆدێلی سریلانکا بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان پاکتاو بکات و بسڕێتەوە، لەبەرئەوەی لە لێواری هەڵوەشانەوەدا بوو دەستی بە قۆناغی بێ شەڕ کرد، ڕێبەر ئاپۆش بۆ حورمەت و ڕێزی شەهیدان، بۆ هاتنەدیی خەون و تامەزرۆیی و داواکانیان دەستی بە پرۆسەی چارەسەری دیموکراتیک کرد، بەڵام لەبەر ئەوەی لە کارکتەری ئەردۆغان و ئاکەپەدا عەقڵییەتی دیموکراتی بوونی نییە، هەر وەک ساڵی ٢٠١١ بە سەپاندنی گۆشەگیریی لە ٥ی نیسانی ٢٠١٥ وە دەستی بە هێرش بۆ سڕینەوەی بزووتنەوەی ئازادیی کورد کرد.

"ڕۆحی بەرخودانی ساکینە جانسز لە زیندانی ئامەدئێستا لە هەموو شوێنێکدایە"

کەجەکە زیاتر لەسەر پیلانەکانی دەوڵەتی تورک نووسیویەتی:"لەو ٣ ساڵەدا شارەکان خاپوورکران و سەدان هاووڵاتیی مەدەنی شەهید کران، بە هەموو شێوازەکانی شەڕی چەپەڵ هێرشیان کردە سەر تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد و هەر وەک ساکینە جانسز بەڕێوەبەرانی دیکەی رێکخستنیان کردە ئامانج، ئەمریکا بە بڕیارەکەی لە دژی کادرانی پێشەنگ، دەوڵەتی تورکی بۆ ئەنجامدانی هێرشانە هاندەدا، دەوڵەتی تورک ماوەی ٣ ساڵ و نیوە سەرباری ئەوەی هەموو جۆرە هێرشێک بە هەموو توانای خۆیەوە ئەنجام دەدا، بەڵام بەرخودانێک لە پەنا گوێی دا ڕووبەڕووی بووەتەوە، کە کۆتایی بە دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە دەهێنێت، ڕۆحی ئەو بەرخودانە کە ساکینە جانسز لە زیندانی ئامەد چەسپاندی، ئێستا لە هەموو شوێنێکدا هەستاوەتە سەر پێ، بە رۆحی بەرخودانی زیندانەکان، بە رۆحی 'ئێوە ناتوانن رۆژمان تاریک بکەن'، بەرخودانی خۆبەڕێوەبەری و رۆحی فیداییانەی بەرخودانی عەفرین بوونە یەک و ئێستا لە دژی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپەی قڕکەر – داگیرکەر بەرخودانێکی مێژوویی بەڕێوەدەچێت، بە دڵنیاییەوە ئەو بەرخودانە بە ئیرادەی سەربڵندانەی ساکینە جانسز سەردەکەوێت.

"لە حەوتەمەین ساڵیادی شەهادەتی ساکینە جانسزدا کۆتایی بە دەسەڵاتی ئاکەپە دێت"

کەجەکە کەسایەتی و خەباتی ساکینە جانسز وەها شرۆڤە دەکات:"بزووتنەوەی ئازادیی ژنان بە پێشەنگایەتی و ڕەنجی گەورەی ساکینە جانسز گەشەی کرد، بزووتنەوەی ئازادیی کورد، کە بە ڕۆحی بزووتنەوەی ئازادیی ژنان بەهێز بووە، لە حەوتەمەین ساڵیادی شەهادەتی ساراکاندا 'ساکینە' تێکۆشانی خۆی بەهێزتر دەکات و کۆتایی بە دەسەڵاتی ئاکەپە دەهێنێت، کە کۆمەڵکوژییەکی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ ی ئەنجامدا، کوردستانی ئازاد و تورکیای دیموکراتی، کە هاوڕێ ساکینە جانسز لە هەموو ساتێکی تیکۆشانی ئازادیدا بڕوای پێی هەبوو، بە دڵنیاییەوە بەدی دێت".

"دڵسۆزی ساکینەو هەڤاڵانی بۆ ئێمەی دەکاتە ئەرک کە تێکۆشان گەشتر بکەین"

کەجەکە زیاتر باس لە خەباتی ژنان دەکات و ڕایدەگەیەنێت:"تێکۆشانێک خۆی بە ڕۆحی ئازادیی ژن ڕازاندبێتەوە، ئەو قورسی و زەحمەتییانەی کە دێنە پێشەوە، هەر چییەک دەبن با ببن، بەڵام بە دڵنیایەوە هەر سەردەکەوێت، لە دەڤەرێکدا کە بە رۆحی ئازادیی ژنەوە تێکۆشان بەڕێوەدەچێت، دەسەڵاتی زاڵ و داگیرکەر ناتوانێت خۆی تیادا رابگرێت، بزووتنەوەی ئازادیی کورد بە ڕۆحی ئازادیی ژن، خۆی بە ئاستێک گەیاندووە، کە تێکناچێت، لە دژی هەموو جۆرە قورسی و هێرشەکان درێژە بە تێکۆشانی خۆی دەدات و ژیانی ئازاد و دیموکراتیش نزیک دەکاتەوە، دڵسۆزیی ئازادیی سارا (ساکینە جانسز)، رۆژبین (فیدان دۆغان) و رۆناهی (لەیلا شایلەمەز) و ئەو میرات و رێچکەیەی بۆ ئێمەیان بەجێهێشتووە، ئەوەمان بۆ دەکاتە ئەرک، کە ئێمە ساڵی ٢٠١٩ تێکۆشان گەشتر بکەین".

کەجەکە بانگەوازی لە ژنان و گەنجان دەکات

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوی کەجەکەدا هاتووە:"ئێستا لە زیندانەکان، لە دەرەوە و لە هەموو ئەو شوێنانەی کورد تیایدا دەژین، بە پێشەنگایەتیی تێکۆشانی ئازادیی ژن، بۆ تێکشکاندنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ و تێکشاندنی فاشیزم تێکۆشان بەڕێوەدەچێت، ئەم تێکۆشانە کە ژن پێشەنگایەتیی بۆ دەکات، مزگێنی بەخشی ئەوەیە، کە ساڵی ٢٠١٩ دەبێتە ساڵێکی گەورە بۆ تێکۆشان، لەسەر ئەو بنەمایە و لە پێش هەموویانەوە، ئێمە بانگ لە ژنان و گەنجانی کورد و هەموو گەلی کوردستان و دۆستەکانمان دەکەین، کە تێکۆشان بڵندتر و گەشاوەتر بکەن، فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە تێکبشکێنن و ئامانجی کوردستانی ئازاد و تورکیای دیموکراتیک بەدی بهێنن".

س.ح