لە مەراسیمی سێیەمین ساڵیادی شەهید هەڤاڵ هەڵمەتدا خانەوادەکەی جەختیان لەوە کردەوە، پەیمان دەدەن لەسەر ڕێبازەکەی ئەو بەردەوامبن، هاوکات کەجەکەش لە پەیامیکدا ڕایگەیاند تۆڵەی هاوڕێ هەڵمەت و هەموو شەهیدان لە فاشیستەکان دەکەینەوە.
مەراسیمی یادکردنەوەی سێیەمین ساڵیادی شەهید دیار غەریب ناسراو بە هەڤاڵ هەڵمەت، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی گشتیی کۆما جڤاکێن کوردستان – کەجەکە، ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەردەم ماڵی باوکی لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای مەراسیمەکەدا وتاری کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لەلایەن وەهاب محەمەد، ئەندامی کۆمیتەکەوە خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: لە سێیەمین ساڵیادی شەهیدبوونی هەڤاڵ هەڵمەت و شەهید شاهین و شەهید دەوان و ئەو شەهیدانەی کە بە دەستی خیانەتی ناوخۆ لە باشووری کوردستان تیرۆرکران، بۆ بنەماڵەکەیان و تەواوی شەهیدانی گەلەکەمان سۆز و پەیمان نوێدەکەینەوە و خاوەنداری دەکەین لەڕێ و ڕێبازی شەهیدان و داواکارین لە تەواوی بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان بەرامبەر بە خوێنی ڕۆڵەکانمان کە بۆ ئازادی کوردستان گیانی خۆیان فیداکرد، خاوەن هەڵوێستبن، ئێمەش وەکو خانەوادەی شەهیدان بۆ یەکێتی نەتەوەیی تێکۆشانی خۆمان پێشدەخەین.
دواتر لەلایەن شاڵاو میتانییەوە، پەیامی کەجەکە بۆ یادەکە خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو، ئێمە بزوتنەوە و گەل بەبەرخۆدانی شەڕی شۆڕشگێڕی کە ماوەی سێ ساڵە بەردەوامە تۆڵەی هاوڕێ هەڵمەت و هەموو شەهیدە قارەمانەکانمان لە فاشیستەکان دەکەینەوە، لەم ساڵدا تێکۆشانمان بۆ تۆڵەسەندنەوە بەهێزتر دەکەین و زیاتر لێپرسینەوە لە بکوژانی گەلی کورد دەکەین.
ئەوەش هاتبوو، هەڤاڵ هەڵمەت هەمیشە باوەڕی بەیەکگرتوویی و یەکێتی کوردان هەبووە، بە هۆشمەندی و ئاگایی قوڵی مێژووەوە دوژمنانی گەلی کورد و کوردستان بەدروستی دەناسی هەرگیز لە خەبات و تێکۆشانی دژ بە ئەواندا پاشەکشەی نەکردووە، لەسەر ئەم بنەمایە هەمیشە تێکۆشانی لەدژی سیاسەت و زیهنییەتی پاکتاوکار و داگیرکەری کردووە، هەروەها تێکۆشانی لەدژی خیانەت و ناپاکی پێکەوە کردووە، بەمشێوەیە هەمیشە بەرامبەر بە هاوکارییەکانی پەدەکە بۆ دوژمنان دەوەستایەوە و بەم تێگەشتن و هەڵوێستەوە نوێنەرایەتی هێڵی ڕاستی ئازادیی و دیموکراسی لە باشووری کوردستان کرد
هەر لە مەراسیمەکەدا لاڤە غەریب، خوشکی شەهید، وتاری خانەوادەی شەهید دیار غەریبی خویندەوە کە تیایدا هاتبوو، ئەم یادە چەند بەسوێ و ئازارە هەزار هێندە جێگای شانازیمانە کە خاوەنی ئەو سەرکردە شۆڕشگێڕەین، ئێمە وەک بنەماڵەی شەهید بینیمان کە گەلەکەمان و بزوتنەوەی ئازادیخوازیی پەکەکە چەند بە دڵسۆزانە و بەشکۆوە خاوەندارێتییان لەو سەرکردەی خۆیان کردووە، ئەمڕۆ داگیرکەران بەهاوکاری دەستی ناوخۆ دەیانەوێت ئەو دەستکەوتانەی کە شەهید دیار و هاوڕێکانی بەدەستیان هێناوە بسڕنەوە، بەڵام ئەوەی کە شەڕی داگیرکاریی دەکات هاوڕێکانی هەڤاڵ هەڵمەتە و سەرکەوتن هەر بۆ ئەوانە، پەیمان دەدەین لەسەر ڕێبازەکەی ئەو بەردەوامبین، نەفرەت لە خیانەتکاران
وتاری کۆتایی مەراسیمیش لەلایەن محەمەد عەبدوڵا، هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادییەوە پێشکەشکرا و وتی: هەڤاڵ هەڵمەت قوتابخانەیە بۆ تێکۆشانی نەتەوەیی، ئەو شەڕی زیهنییەتی دەسەڵاتداری و پیاوسالاری کردووە لەناو کۆمەڵگادا بۆیە هەموو کۆمەڵگا خۆشیاندەوێت.
باسی لەوەشکرد، ئێستا زەروریەتی هەڤاڵ هەڵمەت لەناو کۆمەڵگادا دەبینین، چەندە هەوڵی بۆ یەکێتی و یەکگرتووی گەلی کورد دەدا و دژی داگیرکاری شەڕی دەکرد، ئەو حکومەتەی هەرێمی کوردستان کە هەیە بوون بە شێک لە ئەجێندای داگیرکەران و خیانەت، ئەو هەموو داگیرکاریی و تیرۆرە هەیە و بێدەنگن لە کوێی دنیا هەبووە بەرامبەر ئەو تاوانانە حکومەت بێدەنگ بێت، ئەگەر نەکەوتبنە خزمەتی داگیرکەرانەوە بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشگێڕان، هەڤاڵ هەڵمەت دەیویست ئەم ڕێچکەیە تێکبشکێنێت بۆیە کرایە ئامانج، گرنگترین شت کە ئێمە بیکەین درێژەدانە بە ڕێبازەکەی.
دواتر لەلایەن هونەرمەند جاسمی سازەوە چەند سرودێك پێشکەش کرا و چەندین هەڵبەست و شیعر یش خویندرانەوە و بەڵگە فیلمێک لەسەر ژیان و تێکۆشانی شەهید هەڤاڵ هەڵمەت لەڕێگای داتاشۆوە پێشکەسی ئامدەبوان کرا.
ها-غ