کەجەکە: شەهید هەڵمەت ڕۆڵی بەرچاوی لە سەرخستنی دۆزی گەلەکەمان هەبوو

کەجەکە، ڕایدەگەیەنێت، کە شەهید دیار غەریب ڕۆڵی بەرچاوی لە سەرخستنی دۆزی ڕەوای گەلی کورددا هەبووە و دەشڵێت: بۆ ئەوەی شایستەی تێکۆشانی هەڤاڵ هەڵمەت بین ئەوا دەبینە درێژەپێدەری ڕێبازەکەی.


لە مەراسیمی چلەی ماتەمینیی شەهید دیار غەریب، ئەندامی کۆنسەی گشتیی سەرۆکایەتیی کەجەکەدا، پەیامی کەجەکە خوێندرایەوە.

لە پەیامەکەدا، کە لەلایەن خەبات هەولێری، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکەوە خوێندرایەوە، جارێکی دیکە سەرەخۆشیی ئاڕاستەی خانەوادەی شەهید دیار و گەلی کوردستان کرابوو، هەروەها سڵاو بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدان نێردرابوو.

هەر لەو پەیامەدا هاتبوو: هێرشەکانی داگیرکەرانی کوردستان بە ئامانجی لەناوبردنی گەلەکەمان بەردەوامە و بۆ ئەمەش زیاتر لە ٤٠ ساڵە بەرخۆدان بەڕێوەدەچێت و گەلەکەمان ئەمڕۆ لە زیاتر لە هەرکات لە سەرکەوتن نزیک بووەتەوە و هەڤاڵ هەڵمەتیش ڕۆڵێکی بەرچاوی لە سەرخستنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان هەبووە و زۆرترین هەوڵی لەپێناو هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگادا بوو.

ئاماژە بەوەش کرابوو،"هەڤاڵ هەڵمەت وەک خوێندکارێکی ڕێبەر ئاپۆ خۆی پەروەردە کرد و ئێمە بە پێشەنگایەتییکردنی سەربەرزین، شانازیی دەکەین کە هاوڕێی هەڤاڵ هەڵمەتین".

لە بەردەوامیی پەیامەکەی کەجەکەدا، بەم جۆرە باس لە شەهید دیار کرابوو: هەڤاڵ هەڵمەت هەڤاڵی ڕێبەر ئاپۆ و پێشەنگێکی مەزن بوو، خۆشەویستی بۆ گەلەکەی ئێجگار مەزن بوو، بۆیە تێکۆشەرێکی وەها هەمیشە لە بەرچاوان بوو، کەسێکی خۆشەویست بوو لەناو گەلدا.

کەجەکە، قۆناغی دوای شەهیدبوونی دیار غەریب بە قۆناغیکی نوێ ناوبرد و لە پەیامەکەدا هاتبوو: ئەمە قۆناغێکی نوێیە، ئێمەش بۆ ئەوەی شایستەی تێکۆشانی هەڤاڵ هەڵمەت بین ئەوا دەبینە درێژەپێدەری ڕێبازی ئەو، کە ڕێبازی یەکێتی نەتەوەیی و ئاواکردنی کوردستانێکی دیموکراتە.

مەراسیمی چلەی ماتەمینیی شەهید دیار غەریب، دوای پێکەش کردنی چەندین وتار، بە پێشکەشکردنی سینەفزیۆنێک لەسەر ژیان و تێکۆشانی شەهید، کۆتایی هات.

ش.ف