چوؤرشەممە, 12 سبت 2018 – 11:59 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ئەمڕۆ لە ساڵیادی کودەتای ١٢ی ئەیلولی ی ١٩٨٠ی تورکیادا، کۆنسەی بەڕێوبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە سەرەتای ڕاگەیەندراوەکەدا کەجەکە ڕایگەیاندووە: ٣٨ ساڵ بەسەر کودەتای ١٢ی ئەیول فاشیستەکاندا تێپەڕیوە، یادی هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی دەکەینەوە و ڕێز لە بریندرانی ئەو ڕێبازە دەگرین، لەو ساڵانەدا هەزاران ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدار و چالاکوان زیندان کران و ئەشکەنجەدران، هیچ کامە لەو ئازارانەی وا چەشتوومانە لە بیرناکەین و دەیانکەینە هەوێنێک بۆ پێکهێنانی تورکیای دیموکرات و کوردستانی ئازاد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیموکرات.
کەجەکە هەروەها باس لەوە دەکات، کە مەبەست لەو کودەتایە لەناوبردن و خنکاندنی تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادیی تورکیا و تێکۆشەرانی گەلی کورد بووە، هەر بەو مەبەستەش کوردستانیان بەتەواوی داگیرکرد و کردیانە زیندانێکی گەورە، وایان دانابوو هێرشێکی وەها بکەن کە سۆسیالیستەکان و شۆڕشگێڕە کوردەکان بۆ پاش ٥٠ ساڵیش نەتوانن پشت ڕاست بکەنەوە.
هەروەها باس لە مانگرتن تا مردنی ١٤ی تەموزی ١٩٨٢ش کراوە کە لەلایەن کەمال پیر و خەیری دورموشەوە پێشەنگایەتیی کرا و سەرئەنجام شەهیدبوون.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەشدا کەجەکە ڕایگەیاندووە: ئەمڕۆ لە تورکیا درێژە پێدەرانی ڕێبازی ئیبراهیم کایپاک کایا، دەنیز گەزمیش و ماهیر چایان هەن، کە لەدژی فاشیزم دا بەهەڵوێستن، زۆر گرنگە کە گەلی کورد و ئەو تێکۆشەرانەی کۆمەڵگای تورکیا لە تێکۆشانی دژی فاشیزم دا هاوکاری یەکدی بن، تا ئەو کاتەی لە گرنگیی تێکۆشانی هاوبەش تێنەگەین، تێکۆشانی دژی فاشیزم ئەوەندەی پێوسیت بەرفراوان نابێت، تا ئەوەش نەکرێت فاشیزم بەردەوام دەبێت لە ڕاگرتنی باڵادەستییەکەی و بەرفراوانکردنەوەی دیکتاتۆری و دەسەڵاتدارییەکەی.
س.ح