کەرکوك، نارنجۆکێک خرایە ماڵی ئەفسەرێکی پۆلیسەوە

نارنجۆکێک خرایە ماڵی ئەفسەرێکی پۆلیس لەشارى کەرکوك هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.


کەمێك لەمەوبەر لەگەڕەکی شوراوی یەك، نارنجۆکێک خرایە ماڵی موقەدەم فەرهاد مەحمود، کە بەڕێوبەری بنکەی پۆلیسی ئازادییە و لە نەتەوەی کوردە، جگە لە زیانی ماددیی، زیانی گیانی بە دواوە نەبووە.

موقەدەم فەرهاد مەحمود، لەبارەى ڕووداوەکەوە بە ڕۆژنیوز وت: من لە ماڵەوە نەبووم بەڵام هاوسەر و منداڵەکانم لەماڵ بوون و گوێیان لە دەنگێکی بەهێز بووە لەحەوشەکەدا و دواتر بۆمان دەرکەوت نارنجۆکێکی دەستیە و لەلایەن ئۆتۆمبێلێکەوە فڕێدراوەتە ماڵمانەوە.

ئەو ئەفسەرە وتیشی: لە ئێستادا تیمەکانی پۆلیس و هێزەعێراقیەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن و تۆماری کامێرای ماڵ و شوێنی ڕوووداوەکە لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت و لە دیمەنەکانی کامێرای چاودێری ئۆتۆمبێلێکی جۆری فۆرد دەرکەوتوە، کە نارنجۆکەکەى لێوە هەڵدەدەن.

هەر بەوتەی ئەو ئەفسەرە هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەگەڵ کەسدا نییە و پێدەچێت ئەو هەوڵە پەیوەندی بە پۆستەکەیەوە هەبێت.

د.ع