بەرەی تورکمانی بە فەرمانی دەوڵەتی تورک کار دەکات و ئاشتەوایی نەتەوەکانی ئەم شارە دەخاتە مەترسییەوە، “بەرەی تورکمانی نەک نوێنەرایەتی کەرکوک، نوێنەرایەتی نەتەوەی تورکمانیش ناکەن”، ئەمانە وتەی چاودێرانن دژی بەرزکردنەوەی هێمای فاشیزم لەلایەن بەرپرسانی بەرەی تورکمانەوە لە کەرکوک.
١٨ی ئەم مانگە ئەرشەد ساڵحی یەکێک لە بەرپرسانی بەرەی تورکمانیی و سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق، هاوکات لەگەڵ سەردانی خلوسی ئاکار وەزیری بەرگریی دەوڵەتی تورک بۆ بەغدا و هەولێر، لەناو هێزەکانی حەشدی تورکمانی هێمای نەتەوەپەرستیی تورکی بەدەستەکانی بەرز کردەوە، کە بە گورگە بۆرەکان ناسراون.
گروپی نەتەوەپەرستی توندڕەوی گورگە بۆرەکان باوەڕیان بە سەردەستیی نەژادی تورکە و هەوڵیان ئەوەیە هەموو تورکەکان لەژێر یەک ئاڵا و لەناو یەک وڵات بەڕێکخستن بکەن، هەربۆیە بەرزکردنەوەی ئەو هێمایە لە شاری کەرکوکدا ناڕەزایی لێکەوتووە و بە مەترسی لەسەر شارەکە دەزاندرێت، لەم چوارچێوەیەدا چاودێران لە کەرکوکەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.
زاهیر شكور شارەزایەكی بواری مێژووە و باس لەوە دەکات، کە دۆخی كەركوك لە هەموو دۆخێكدا فاشیزم زاڵە بووە بەسەریدا، ئاماژە بەوەش دەکات، کە تا ئێستاش ڕەوتێکی فاشیست لە کەرکوکدا هەیە، ئەوانەش بەهۆکاری پشتگوێخستنی کەرکوک دەزانێت و دەڵێت “تاوەكو ئێستا یارگایەكی شیاو، هۆڵێکی سینەما و هیچ ناوەندێكی ڕۆشنبری لەم شارەدا نییە”.

زاهیر شکور دەڵێت، کورد، عەرەب و تورکمان وەک “برا دەژین پێکەوە”، بەڵام بەرهەمهێنەرانی فاشیزم ئەم دۆخە تێکدەدەن.
ئەم شارەزایەی مێژوو، سەرنج دەخاتە سەر پێگەی کەرکوک و داگیرکاریی سەر شارەکە و دەڵێت “بەریتانیا كەركوك بە موڵكی خۆی دەزانێت، ئەمریكا هەرا، توركیاش وەها خۆی نیشان دەدات كە ئەم شارە موڵكی ئەوە، هەر دەوڵەتێكش هاتووە لە ڕێگا نەتەوەیەكەوە نا ئارامی درووستدەكات، توركیاش هاتووە لە ڕێگای بەشێكی پێهاتەی توركمان نا ئارامی درووست دەكات”.
هەروەها محەمەد نەسرەدین چاودێری سیاسی وتی: بوونی گروپێكی بیرتەسكی حزبی لە ناو نەتەوەی توركماندا لە شاری كەركوك، بە تایبەتی كە كاتێك هەندێ هەڵسوكەوتیان لێدەبینین لە بەرزكردنەوەی نیشانەی گورگە بۆرەکان، یان لە هەندێ لێدوانی سیاسیدا، گومانی ڕاستەقینە لەسەر ئەو كەس و لایەنە دروست دەبێت كە ئەوان بەستراونەوەتەوە بە ئەجێندای دەرەكی و دەوڵێكی وەك توركیا، وە ئەوان جێبەجێكاری ئەجندای توركیان”.

دەربارەی مەترسییەکانی فاشیزمی تورک لەڕێگەی بەرەی تورکمانییەوە محەمەد نەسرەدین دەڵێت:”ئەو ڕەوتە مەترسییەكی ڕاستەقینە دەبێت لەسەر ئاشتەوایی كۆمەڵایەتیی و پێكەوەژیانی ئاشتیانەی پێكهاتەكان لە شارێكی گرنگی وەكو كەركوكدا، كە فرە پێكهاتە و فرە ئاین و مەزهەبە، وێڕای مەترسییەکانی ئەوانەش، ئەمە بەڵگەیەكە لەسەر ئەوەی كە ئەمانە دەیانەوێت چارەنووسی كەركوك بیبەستنەوە بە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیاوە و ئەجێندای ئەو وڵاتە جێبەجێبکەن.
ئەم چاودێرە داوا لە هەموو پێكهاتەكانی كەركوك دەکات، کە دژی هەموو بیركردنەوەیەكی شۆڤێنی بن لە لایەن هەر نەتەوەیەكەوە بێت، كە مەبەست لێی بەستنەوەی كەركوك بێت بە ئەجندای وڵاتێكی دیکەوە، “ناكرێت ڕێگە بە كەس و لایەنێك بدەین كار بۆتێكدانی دۆخی ئەم شارە بكەن بۆ مەرامی توركیا، هەرچەندە ئەو كەسانە نوێنەرایەتی پێكهاتەكەی خۆشیان ناكەن، جگە لە نوێنەرایەتی كردن نەبێت بۆ توركیا”.
هەڤاڵ دارا چاودێرێکی دیکەی سیاسییە و دەڵێت بۆ کەرکوک باشترین چارەسەر ئەوەیە، کە ئەو توێژە خراپەی فاشیەت فڕی بدرێت و دەستەواژی پێكەوەژیان بەرز بكرێتەوە، دەبێت ئەو ڕەخنەش لە خۆمان بگرین، كە ئێمەش وەک کورد لە باشووری کوردستان بەشێك بووین لە فاشیزم، ئێستاش توركمان گیرۆدەی ئەو دەردە بووە، توركمانەكانی كەركوكیش لە ژێر كاریگەری ئەو ڕێكخراوە توندڕەوانەی توركیا و لە ژێر كاریگەری و فەرمانی ئەواندان”.

س.ح