کەرکوکییەکان هاوکاری بۆ کەمدەرامەتان کۆدەکەنەوە

لە شاری كەركوك كەمپەینێك بۆ كۆكردنەوەی هاوكاریی بۆ كەسانی كەمدەرامەت ڕاگەیەندرا.


نیوەڕۆ ئەمڕۆ لە سەنتەری ڕۆشنبیری کەرکوک، كۆمەڵێك لە كەسایەتی و مامۆستایانی ئاینی شاری كەركوك، كەمپەینی مرۆڤ دۆستان بۆ كۆمەككردنی كەسانی كەمدەرامەتیان ڕاگەیاند.

لەسەر چۆنییەتی کەمپەینە، مامۆستا ئەحمەد كەركوكی پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی شۆراو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا وتی: دیارە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرجەم شارەكانی عێراق و باشوری کوردستان، قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەێنرا، بەوهۆیەوە بازاڕەكان داخراوە و كار و كەسابەتی هاوڵاتیان وەستاوە، بەهۆی ئەوەی شارەكەمان كەسی فەقیر و كەمدەرامەت و هەژاری زۆر تێدایە، ئێمە كە لە چەند بانگخوازێك و كەسایەتی و مامۆستای ئاینی پێكهاتووین لە سۆنگەی خەمخواردن بۆ شارەكە كەمپەینی مرۆڤ دۆستان ڕادەگێنین.

لە کەمپەینەکەدا كەلوپەل و خواردن بۆ كەسانی هەژار و كەمدەرامەت و بێ باوك کۆدەکەنەوە، داوا لە سەرمایەداران و کوردانی دەرەوە دەکەن، کە وەك ئەركێكی ئەخلاقی و ئاینیی و مرۆڤایەتی بە دەنگ بانگەوازەكەیان بچن.

كەمپەینە بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی مەترسی لەسەر هاوڵاتیان نامێنێت، هاوکارییەکان لە بەردەم مزگەوتی سوجادە لە پشت تەرمیناڵی سلێمانی' لە کەرکوک وەردەگیرێت.

س.ح