کەرکوکییەکان وەفادارییان بۆ گەریلا دەخەنەڕوو

لەکاتی هێرشی چەتەکانی داعش-دا گەریلاکانی کوردستان بەهانای باشوری کوردستانەوە هاتن و شەهیدیان بۆ پاراستنی ئەم پارچەیەی کوردستان بەخشی، بەتایبەت لە سنووری، کەرکوک، شەنگال، موسڵ و جەلەولا، ئێستاش کەرکوکییەکان دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک وەفادارییان بەرامبەر خەباتی گەریلا وەها دەخەنەڕوو، "ئەوان ئەم شارەیان پاراست، هێزێکی نیشتیمانیین و دەبێت ببینە قەڵغان بۆیان".


هاوڵاتیان، ڕۆژنامەنووسان و چاودێرانی سیاسیی لە کەرکوک، دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن، وێڕای پێزانیان بە خەباتی گەریلا بۆ کوردستان و کەرکوک بەتایبەت، داوای یەکێتیی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا دەکەن.

"گەریلا هێزی خۆمانە و پێویستە هاوکاریان بین"

خەبات نەجمەدین، ڕۆژنامەنووسێکی شارەکەیە و باسی لە چڕیی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک و کۆمەڵکوژکردنی هاوڵاتیانی کرد و وتیشی: كاتێك داعش پیلانی هێرش و داگیركردنی كەركوكی هەبوو، گەریلاكانی كوردستان لە قەندیلەوە هاتن بەرگرییان لەم شارە كرد، بۆیە بە هەموو ئەو هێزە کوردییانەی کە لە چوارچێوەی هیزەکانی پێشمەرگەدان دەڵێم، 'گەریلا هێزی خۆمانە و پێویستە هاوکاریان بین'.

" بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان زامنی سەركەوتنی نەتەوەكانی كوردستانە"

خەبات داوای یەکڕیزیی لایەنەکان دەکات، هەروەها لەسەر هەبوونی گەریلا لە باشوری کوردستان وەها دوا:"گەریلا تاكی ئەم كوردستانەیە و خەڵكی هەرێم و بەشەكانی دیکەی كوردستانن، كورد لە هەر شوێنك بێت جیاوازیی نییە، من دەخوازم سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوە و كار بۆیەكڕیزیی گەلی كوردستان بكەن، بۆئەوەی بتوانن پیلانی دووژمنان پوچەڵ بكەنەوە، پیشموایە بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان زامنی سەركەوتنی نەتەوەكانی كوردستان و گەلی كوردە".

"گەریلا ئەرکی پاراستنی هاوڵاتیانی گرتە ئەستۆ"

هەڵوێست كاكە وەیس، هاوڵاتیەكی دیکەیە و باسی لە ڕۆڵی گەریلا کرد لە پاراستنی کەرکوک و وتی:"ئەو كاتەی كە چەتەكانی داعش نیوەی عێراقیان داگیركرد و پیلانی هێرشیان بۆ سەر كەركوك چڕ كردەوە، گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان بە ڕۆح و گیانی خۆیان بە هاوبەشیی لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە هاتنە كەركوك و ئەركی پاراستنی هاوڵاتیان و نەتەوەكانی ئەم شارەیان گرتە ئەستۆی خۆیان، ئەگەرڕاست و دروست بڵێین، گەریلا بەشێك بوو لە شكستپێهانی پیلانی داعش لەم ناوچەیە و ناوچە كوردستانییەكان، لە پێناو ئەم خاكە شەهیدیان بەخشی و خوێنیان ڕشت".

"لە ١٦ی ئۆکتۆبەر تاکە هێزی بەرگرییکار گەریلا بوو"

هەڵوێست، لە بەردەوامیی باسکردن لە ڕۆڵی گەریلا بۆ پاراستنی کەرکوک ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە "پێویستە بیربكەینەوە كە كێ بوون ئەوانەی لەڕابردوو بەرگرییان لە ئێمە دەكرد؟، لە ١٦ی ئۆكتۆبەر تاكە هێز كە بەرگریی لەم شارە کرد گەریلاكانی پەكەكە بوون، بۆیە دەبێت كەركوكییەكان ئەو وەفایەی گەریلا لە بەرامبەر ئەم شارە لە بیر نەكەن و ببن بە قەلغان بۆ قەندیل و گەریلا لەبەرامبەر داگیركاریی و بۆردوومانەکانی دەوڵەت تورك".

"دەبێت خەڵک ئەمەکدار بێت بەرامبەر خەباتی گەریلا"

هەروەها بورهان حاجی سلێمان، چاودێری سیاسی خەبات و بەرگریی گەریلاکان لە کەرکوک بە ڕێزەوە دەبینێت و وتی:"هەر هێزێكی نەتەوەیی لە ساتە سەختەكاندا بە هانای كوردستان بەگشتیی و کەرکوک بە تایبەتیەوە هاتبێت، پێویستە بەڕێزەوە وەك سەرچاوەی هێزی نیشتمانیی مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، دەبێت خەڵك ئەمەكدار بێت بەرامبەر ئەو هێزە، گەریلا لە گەڵ هاتنی هێزی تاریك پەرستی داعش بەهانای خەڵكی كوردستانەوە هاتن چ لە كەركوك و چ لە شەنگال و مەخمور،کەواتە ئەو هێزە هێزێكی نیشتمانیین".

"پێویستە پشتگیریی لە مانەوەیان بکەین"

بورهان حاجی سلێمان، وتیشی:"ئێستا كاتی ئەوەیە، كە ئێمە وەك كورد پۆلێنی ئەو هێزانە بكەین كە بە هانای خەڵكی كوردستانەوە چوون، پێویستە پشتگیریی لە بوون و مانەوەی ئەو هێزانە بكەین و ڕێز لە خەبات و تێكۆشانیان بگرین، بۆ كەركوكیەكان گرنگە گەریلا لە بیر نەكەن و وەك قەلغان بین بۆیان".

س.ح