کەرکوک، دژی ڕووخانی چەند دوکانێک خۆپیشاندان بەڕێوەچوو

دژی ڕوخانی دوکانەکانیان کاسباران و دوکاندارەکانی گەڕەکی باروتخانەی شاری کەرکوک خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و ڕێگەی سەرەکی نێوان گەڕەکی ئازادیی و ڕەحیماوایان داخست، داوای قەرەبوو کردنەوەیان کرد.


نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەچوارڕیانی گەرەکی باروتخانەی شاری کەرکوک، خۆپیشاندانێک لە دژی ڕووخانی چەند دوکانێکی ئەو گەڕەکە بەڕێوەچوو، خۆپیشاندەران بە سوتانی تایە و گرتنی ڕێگای سەرەکی نێوان گەڕەکی ئازادیی ڕەحیماوا ناڕەزایەتیان دەربڕیی.

بەبڕیاری ئیدارەی پارێزگای کەرکوک شەقامی سەرەکی گەڕەکی باروتخانە دەکرێت بە دوو ئاڕاستە، بەهۆی ئەو بڕیارەشەوە چەندین دووکان تێکدەدرێت و قەرەبووی خاوەنەکانیشی ناکرێتەوە.

بێوار ئەحمەد، یەکێک لەو دوکاندارانە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: بە بڕیاری ڕاکان جبوری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک فەرمانکراوە بە ڕووخانی دوکانەکانمان بێ ئەوەی قەربوو بکرێینەوە، ئێمە دوا دەکەین یان قەربووی دوکانە ڕووخاوەکان بکرێت یان شەقامەکە بکرێت بە ۲۰ مەتر بۆ ئەوەی دوکانمان نەڕوخێت و کاسبی خۆمان بکەین.

ئەوەشی وت: ئێستا بە بیانووی ئەوەی کە دووکانەکانی ئێمە تەجاوزن بۆیە قەربوو ناکرێنەوە، ئێمە سەدان خێزانین و بژوێی ژیانمان لەسەر ئەم دوکانانەیە، با ڕێگە چارەیەکمان بۆ بدۆزەنەوە ئینجا دوکانەکنمان بڕوخێنن.

د.ع