کەرکوک، کەمپینی' خوێندن بەزمانی دایک' ڕاگەیەندرا

لەشاری کەرکوک، کەمپینی 'خوێندن بەزمانی دایک' ڕاگەیەندرا، ڕێکخرانی کەمپینەکەش کار دەکەن بۆ هاندانی هاوڵاتیانی کورد بۆئەوەی نەوەکانیان بخەنە بەر خوێندنی کوردی.


کاتژمێر٠٤:٠٠ی ئێوارەی ئەمڕۆ، بەشێک لە مامۆستایان و بەڕێوەبەرانی خوێندنگەکانی شاری کەرکوک لەهۆڵی ڕۆشنبیری کەرکوک بۆبوونەوەو دواتر کەمپینێکیان بەناوی' خوێندن بەزمانی دایک' ڕاگەیاند.

پەروین فاتح بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی لەشاری کەرکوک بەڕۆژنیوزی وت:" لەمیانەی هەستکردنمان بەرامبەر بەرپرسیارێتی کۆمەڵگاکەمان هەڵساین بەدروستکردنی کەمپینێک بۆشاری کەرکوک، پێمان باش بوو ئەمڕۆ ئەو کەمپینە ڕابگەیەنین کەهاوکاتە لەگەڵ ١٠ ڕۆژ پێش دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندنگاکان".

وتیشی:" بەشێک لەهاوڵاتیە کوردەکانی نیشتەجێی گەڕەکەکانی خوارووی کەرکوک منداڵەکانیان دەخەنە بەر خوێندنی زمانی عەرەبی، ئەمەش نیگەرانی لای زۆربەی مامۆستایان درووست کردووە".

 بەوتەی ڕێکخەرانی ئەم کەمپینە، ئامانجیان ئەوەیە ئەم پێش لەم حاڵەتە بگیرێت بەرلەوەی ببێتە دیاردە.

ئەو چالاکیانەی کە لەم کەمپینەدا ئەنجام دەدرێت بریتین لە نمایشی شانۆ بۆ هاندانی منداڵ و خوێندن بەزمانی دایکی، سەردانیکردنی هاوڵاتیانی کورد لەگەڕەکە عەرەبنشینەکان و زانینی نیگەرانیەکانیان لەبارەی خوێندنەوە.

ب.ش