بەڕێوەبەران و کەسایەتییە ئایینییەکانی شەنگال ڕایدەگەیەنن، کە سەردانەکەی بابەشێخ بۆ شەنگال زۆر بەواتایە و بەپێچەوانەی هەندێک لە چەواشەکارییەکان، ئەم سەردانە نیشان دەدات کە شەنگال شوێنێکی پارێزراوە.
ئلیاس ناسر ڕێبەری ڕۆحانیی ئێزدییەکان، لەکاتی هەڵبژاردنییەوە وەک بابەشێخ، بۆ جاری یەکەمە سەردانی شەنگالی بکات، لەم سەردانەشیدا لەگەڵ زۆرێک لە کەسایەتییەکانی شەنگال، لەوانە سەرۆک عەشیرەتەکان و کەسایەتییە ئاینییەکان کۆبووەتەوە، ئەوانیش لەسەر ئەو بابەتە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.
هاشم حەجی، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری شەنگال دەڵێت: ئەگەر شەنگال پارێزراو نەبوایە، کەسایەتییەک وەک بابەشێخ نەیدەتوانی سەردانی بکات، ئەو سەردانە دەریخست کە دۆخی شەنگال پارێزراوە، ئێمە بەو سەردانە دڵخۆشین، پاش کۆچی دوایی بابەشێخ و هەڵبژاردنی ئلیاس ناسر، جاری یەکەمە سەردانی شەنگال دەکات، بابەشێخ بێ جیاوازیی سەردانی زۆرێک لە کەسایەتییەکانی کرد.
هەروەها، خوەدێدا چوکێ، بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونێ دەڵێت: لە دۆخێکی بەم شێوەیەدا کە ئێزدییەکان لە گۆشە و کەناری جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، سەردانی بابەشێخ بۆ شەنگال بەبایەخە، چاوەڕوان دەکەین لەسەر کۆبوونەوەکانی بێ هیچ جیاوازییەک بەردەوام بێت، بابەشێخ کەسایەتییەکی ئایینییە و لە ناو ئێزدییەکاندا خاوەن بایەخێکی تایبەتە، ئێمە بەو سەردانە دڵخۆشین.
فاخر خەلەف کەسایەتیی ئایینیش دەڵێت: سەردانی بابەشێخ بۆ چیای شەنگال زۆر بەواتەیە، بابەشێخ بەو سەردانەی زۆرێک لە کێشەکانی خەڵکی چارەسەر کردووە.
مەروان عەلوبۆ، یەکێک لە خزمەتکارەکانی لالەشی پیرۆز، کە لەگەڵ بابەشێخ سەردانی شەنگالی کردووە دەڵیت: بابەشێخ بەردەوام سەردانی ئێزدییەکانی کردووە و نەک تەنیا شەنگال، ئێزدی لە هەر کوێ بێت مافی بابەشێخ هەیە کە سەردانیان بکات، هیوادارین سەردانی بابەشێخ بۆ شەنگال دەستکەوتێکی باشی هەبێت و هەموو لایەنە سیاسییەکانی شەنگال یەکبگرن.
ب.ک