ئەمڕۆ پشكنینی DNA بۆ كەسوكاری ئەو كۆچبەرانە کرا، كە بەهۆی ژێرئاوکەوتنى یەختەكەیان لە سنوورە ئاوییەکانى یۆنان بوونە قوربانیی، کەسوکارى ئەو قوربانیانەش دەڵێن، کۆچکردن چارەسەرى گرفتەکان ناکات و داوایان لێدەکەم وەک ئەوەى ئێمە ئازارى دووریی لە کەسوکارمان چەشت، با هیچ کەسێکى دیکە ئەو ئازارە نەبینێت و چارەنووسى خۆیان نەدەنە دەست قاچاغچییەکان.
ئاری جەلال سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسییدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ پشكنینی DNA بۆ كەسوكاری ئەو كۆچبەرانە کرا، كە بەهۆی ژێرئاوکەوتنى یەختەكەیان لە سنوورە ئاوییەکانى یۆنان بوونە قوربانی، چونکە ئەو كۆچبەرانەی تەرمیان هەیە و ناناسرێنەوە پشت بەو جۆرە پشكنینە دەبەستن، لە ئەنجامی ئەوەش دەتوانن كەسوكاریان بدۆزنەوە.

ئارى جەلال ئاماژەى بەوەشکرد: هەر تەرمێك، کە دەدۆزرێتەوە ماوەی دوو هەفتەی لەبەردەمدایە پێش بەخاك سپاردنی، تاوەكو كەسوكاری بدۆزرێتەوە، پاش ئەوەى، كە بەخاك سپێردرا ناتوانرێت، تاوەكو دوو ساڵ دەربهێنرێنەوە و بۆیە پێویستە لەماوەی دوو ڕۆژدا DNA كەسوكاریان وەربگیرێت و بگات بەدەستیان.
دواتر، فەرھاد مەعروف، سەرۆکی سەنتەری مایکرۆجین لە سلێمانیش لەو کۆنگرەدا ئەوەى خستەڕوو: پێویستە لە ماوەی دوو ڕۆژدا DNA و پڕۆفایلی قوربانییەکان وەربگیرێت و ڕەوانەی یۆنان بکرێت بۆ ئهوهی بتوانرێت چارهنووسی قوربانیان ئاشکرا بکرێت و تەرمەکانیان بناسرێتەوە.

دواتر یەکێک لە کەسوکارى قوربانیان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسییدا باسی لەوەکرد: هاوڵاتیان لەبەر دوو هۆکار کۆچ بۆ دەرەوەى وڵات دەکەن، کە یان ئەوەتا لە بێزارییە و دەیانەوێت ژیانێکى باشتر بۆ خۆىان و خێزانەکەیان فەراهەم بکەن یان بەشێکى دیکەشیان بەهۆى خراپى گوزەرانی و نەبونى هەلى کارەوە کۆچ دەکەن.
ئەو هاوڵاتیە ئاماژەى بەوەشدا: کۆچکردنى هاوڵاتیان بۆ دەرەوەى وڵات چارەسەرى گرفتەکان ناکات و داوایان لێدەکەم وەک ئەوەى ئێمە ئازارى دووری لە کەسوکارمان چەشت با هیچ کەسێکى دیکە ئەو ئازارە نەبینێت و چارەنوسى خۆیان نەدەنە دەست قاچاخچیەکان.
لە کۆتایی قسەکانیدا کەسوکارى ئەو قوربانیانە داوای لە سێ سەرۆکایەتیەکى هەرێمى کوردستان کرد، کە کار بکەن و هەوڵبدەن، ژیانێکى باشتر بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن، بۆ ئەوەى بیر لە هەڵبژاردنى ڕێگاى کۆچکردن بۆ گەشتن بە وڵاتانى ئەوروپا نەگرنە بەر.
شەوى ٢١ ى مانگی ١٢ ساڵێ ڕابردوو یەختێکی کۆچبەران لە دەریاچەی ئیجە نوقمی ئاو بوو، کە ٦٣ کۆچبەری هەڵگرتبوو،١٣ کۆچبەر رزگاریان بوو، هەروەها چارەنووسی ٢٩ کۆچبەری کورد لەم یەختەدا بێ سەروشوێنن. ئەو یەختە بە یەختی ٧٠ کەسەکە ناسراوە.
ئ.م