مانگرتنی زیندانیانی بادینان گەیشتە قۆناغێکی مەترسیدار و لە مەرگ نێزیک دەبنەوە و داوا لە سەرۆکایەتیەکانی هەرێم دەکرێت بە هانای ئەو زیندانیانەوە بچن.
ئەیھان سەعید، رۆژنامەنوس و نوێنەری زیندانیانی بادینان لە ڕاگەیەندراویکدا کە ئاراستەی هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێمی کوردستان و نەتەوەیەکگرتووەکانی کردووە دەڵێت: کەسوکارەکانمان لە مەرگ نزیک دەبنەوە و لە ئەگەری ھەر حاڵەتێکی نەخوازراو سکاڵا لە دادگاکانی ھەرێم و بەغداد و نێودەوڵەتیکان لەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان تۆمار دەکەین.
نوێنەری زیندانیانی بادینان دەشڵێت، ئەرکی ھەموو لایەکە بەجدی بێتە وەڵام و ھەڵوێستیان ھەبێت، چونکە ئەو چالاکوانانە لەسەر ڕای جیاواز و خۆپیشاندان و خەباتی مەدەنی سزادراون و ئەمەش مەترسیە بۆ سەر پرۆسەی دیموکراسی و ئازادی ڕادەربرین.
ئەوەشی وتووە: ئەوان لەژێر کۆنترۆلی پارتی و بە ئاشکرا و نانیشتیمانیانەو بە ڕقێکی سیاسی رێگرن لە ئازادبونی کەسوکارەکانمان، ئەگەر یاسا سەروەربێت دەستبەجێ ئازادەکرێن.
لە راگەیەندراوەکەدا بەبیرهێندراوەتەوە لە ڕۆژی ١٩ی ٧ی ٢٠٢٢ لە ژێر دروشمی ‘ ئازادی یان مردن ‘ زیندانیانی بادینان بەشێکی دیکەی سزادراوان لە چاکسازی ھەولێر لە ماگرتنیان خواردن راگەیاندووە و بەوهۆیەوە لە مەرگ نزیک دەبنەوە و “ئەنجومەنی دادوەری و داوکاری گشتیش وەکو تەماشەڤانێک بێدەنگە لەم یاساشکێنی و رێگری لە جێبەجێکردنی یاسا بەدەست حزب و دەستەڵاتی جێبەجێکردن”.
ئاشکراشی کردووە: بێجگە لەزیندانیانی بادینان دەیان سزادراوی دیکەی شارەکانی دیکەش لە چاکسازی ھەولێر لە مانگرتندان و چەندین کەسی دیکەش لەسەر بیرورای جیاوازی سیاسی ماوەی ٣ تا ٥ ساڵ بێ دادگاییکردن لە ئاسایشی گشتی حجزکراون و ئەوانیش لە مانگرتندان.
بەپێی بڕیاری کەمکردنەوەی ٪ ٦٠ی سزا شەش زیندانیکراوی بادینان لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە و بە ڕەچاوکردنی ئازادکردنی مەرجدار (الإفراج الشرطي) ماددەی ٣٣١ و ٣٣٢ و بڕگەی ٢ لە یاسای سزادانی عێراقی و یاسای ژمارە ٢٣ی بنەماکانی دادگاییکردنی تاوانەکان پێویستە ئازادبکرێن و سەرباری تەواوکردنی سزاکەیان رێگری لە ئازادکردنیان دەکرێت.
پێشتر دوو بڕیاری ئازادبونی مەرجدار زیندانیانی ھەمان ئەو ماددە یاسایەیان گرتوتەوە، بەڵام تا ئێستا داواکاری گشتی ڕا و بڕیاری خۆی لەسەر دوسیەی زیندنیانی بادینان نەداوە و وەڵامی بەشی یاسایی چاکسازی ناداتەوە بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکانی ئازادبوونی زیندانیان.
ها-غ