کەسوکاری شەهیدانی پەکەکە:یەکێتی نەتەوەیی ڕۆحی شەهیدانمان ئاسودە دەکات

ئەنجومەنی کەسوکاری شەهیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان بکەرانی کۆمەلکوژیی هەولێر شەرمەزارد دەکات و داواش لە گەڵ و لایەنە سیاسییەکان دەکات، بە یەکێتی نەتەوەیی ڕۆحی شەهیدان ئاسودە بکەن.


ئەمڕۆ ٢٢ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کۆمەڵکوژیی هەولێر، کە پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق بە هاوکاریی دەوڵەتی تورک ئەنجامیدا و نزیکەی ٨٠ ڕۆژنامەنووس، گەریلای بریندار و کارمەندی نەخۆشخانەی شەهید کرد، لەو ساڵیادەشدا ئەنجومەنی کەسوکاری شەهیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا بکەرانی ئەو کۆمەڵکوژییە ڕیسوا و شەرمەزار کراوە و تیایدا هاتووە::سەری ڕێز دادەنەوێنین بۆ گیانی پاکی تەواوی ئەو شەهیدانەی کە بەدەستی خیانەت و بە خواستی تورکیا لە هەولێر بێسەر و شوێن کران".

ئەوەش هاتووە:"لە کاتێکدا ئەمڕۆ 22 ساڵ تێدەپەڕێت بە سەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا، هێشتا کۆمەڵکوژیی لەسەر گەلەکەمان کۆتایی نەهاتووە و ڕۆژانە لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی دایە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و نۆکەرانیەوە، کۆمەڵکوژیی شەنگال، کورتەک، شیلادزێ، مەخمور، کەرکوک ...... هتد، نمونەی ئەو کۆمەڵکوژییانەن".

لە بەردەوامیی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:"هێشتا داگیرکەران و خیانەتکاران لە کوشتن و گرتن و بۆمبارانکردن و سوتاندنی خاک و دێهاتەکانی کوردستان بەردەوامن، بچوکترین ماف بە گەلەکەمان ڕەوا نابینن ڕۆژانە قوربانیی هەیە و ئەمەش خۆی لە کۆمەڵکوژیی بەردەوام دەبینێتەوە".

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا ئەنجومەنی کەسوکاری شەهیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان داوا لە گەلەکەمان دەکات" بۆ یەکڕیزیی و یەکخستنی تێکوشانی ئازادیی و دیموکراتیی" و لەهەمان کاتدا داوا لە تەواوی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دەکات بۆ "پتەوکردنی گیانی نەتەوەیی و یەکێتیی نەتەوەیی بکەینە ئامانج تا ڕۆحی شەهیدەکانمان ئاسودە بکەین و کۆتایی بە هەموو جۆرە کۆمەڵکوژیەک بهینرێت".

 

 

ش.ف