کەسوکاری شەهیدان: پێویستە خاوەنداریی لە دەستکەوتی شەهیدان بکەین

کەسوکاری شەهیدان لەدژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر باشوری کوردستان دەوەستنەوە و ئاماژە بەوەدەکەن، کە دروستکردنی دەیان سەربازگە و هێنانی سەرباز، سەرەتای قۆناغێکی نوێی داگیرکارییە لەسەر باشوری کوردستان، داواش لە کەسوکاری شەهیدان دەکەن کەوا بێدەنگ نەبن و "خاوەنداریی لە دەستکەوتەکانی شەهیدەکانیان بکەن".


ئێوارەی ئەمڕۆ، خانەوادەی شەهیدانی باشوری کوردستان لە شاری سلێمانی، لە بەرامبەر هێرش و داگیرکارییە جۆربەجۆرەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی باشوری کوردستان و سوتاندنی دەغڵودانی ڕۆژئاوا، باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجادا.

لە کۆنگرەکەدا، ئیبراهیم محەمەد، بەیاننامەیەکی لەسەر ناوی کەسوکاری شەهیدان خوێندنەوە، کە تێیدا هاتبوو: گەلی باشوری کوردستان هیچ کاتێک ملکەچی پیلانەکانی داگیرکەرانی کوردستان نەبووە و نابێت، مێژوو شاهیدی گیانفیدایەتیی و تێکۆشان و قارەمانییەتییانەیە، کە شەهیدان بە خوێنی خۆیان ئەمڕۆیان بەدەستهێنا، تا گەلەکەمان بە ئازادیی و پێکەوە لەگەڵ تەواوی گەلانی کوردستان بژین، بەڵام هەرزوو داگیرکەرانی کوردستان  و بەتایبەت دەوڵەتی تورک دەستێوەردانیان لە تەواوی ئەو دەستکەوتانە کرد، هەر لە شەڕی براکوژیی و هێرشە بەردەوامەکانی و دەستگرتن بەسەر تەواوی داهاتە ئابوورییەکانی تا هێنانی سوپا و دروستکردنی دەیان سەربازگە لەسەر خاکی باشوری کوردستان.

ئاماژە بەوەشکرابوو: سووتاندنی گەنم و لەناوبردنی قووتی گەلەکەمان هەر لە عەفرین هەتا کرماشان، هەمووی هەمان پیلانە کە بۆ برسییکردنی گەلەکەمانە، لەدواجاردا دەستی تورکیا گەیشە بەها نەتەوەییەکانی گەلەکەمان لەناو پەرلەماندا، کە ئەویش ڕێگاگرتنە لە وتنەوەی سروودی ئەی ڕەقیب.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، باس لەوەشکراوە، کە تورکیا بە ئاگاداریی و بێدەنگیی دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم و عێراق دەستدرێژیی دەکاتە سەر باشوری کوردستان، و بەم چەند خاڵە باسیان لە ئامانجی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا کردووە:

١- هێرشەکان بۆ لەناوبردن و قڕکردنی گەلەکەمانە، نەک بەتەنها دەستکەوتەکانی.

٢- سووتاندن و لەناوبردنی گەنم و زەوی کوردستان بەشێکە لە سیاسەتی برسیکردن و لەناوبردنی ئابووریی کشتوکاڵ و داهاتی گەلەکەمان.

٣- هێرش و بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر گوند و شاخ و سووتاندنی ژینگەی کوردستان و شەهید و بریندارکردنی سەدان هاوڵاتی مەدەنیی و خاپوکردنی گوندەکان و هێرش بۆ سەر ناوەندە خزمەتگوزارییەکانی هاوڵاتیان،سیاسەتی وێرانکاریی و لەناوبردنی گەلەکەمانە.

٤- دروستکردنی دەیان سەربازگە و هێنانی سوپا بۆ سەر خاکی کوردستان، سەرەتای قۆناغیکی نوێیە بۆ داگیرکردنی باشوری کوردستان.

لە کۆتایی بەیاننامەکەشدا کەسوکاری شەهیدان جەختیان کردووەتەوە: پێویستە لەسەر گەلەکەمان لە باشوری کوردستان بەتایبەتی کەسوکار و بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان بەبێ جیاوازیی، لە هەموو کەس زیاتر بەبەرامبەر بەم پیلانانە بێدەنگ نەبین و خۆمان بە بەرپرسیار ببینین، هەرچی لەدەستمان بێت بۆ خۆڕێکخستن و وەڵامدانەوەی ئەم هێرشانە بیکەن و خاوەن لە دەستکەوتەکانی شەهیدانمان دەرکەوین.

 

ش.ف