ڕۆژنیوز- بڕوا ئەسعەد
خانەوادەی قوربانیانی یەختە ژێرئاوکەوتووەکەی ٢١ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢١، هۆكاری كۆچی كەسوكاریان بۆ نەبوونی هەلی كار و خراپی باری گوزەرانیان دەگەڕێننەوە، لەگەڵ ئەوەشدا داوا دەکەن، هیچ کەسێک خۆی لەڕێگای قاچاغ و نەدات و خۆی ڕادەستی قەدەر نەکات.
ڕۆژی٢١ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢١، یەختێك لە نێوان توركیا و ئیتالیا لەناو دەریای ئیجەدا بە ٦٣ كۆچبەرەوە ژێرئاوكەوت، تائێستا چارەنووسی ٢٨ یان نادیارە و ٢٥یان خەڵكی هەرێمی كوردستانە.
محەمەد ئەمین، باوکی ئامانج، کە یەکێکە لەقوربانییەکانى ناو ئەو یەختە، بە ڕۆژنیوزی وت: کوڕەکەی من لێرە کاری گونجاوی نەبوو، مەلا بانگدان دەچووە بۆ فڕن هەتا کاتژمێر ١٢ی نیوەرۆ بە شەش هەزار دینار کاری دەکرد، لە بێ چارەیی سەری خۆی هەڵگرت، هەتا نوقومبوونی بەلەمەکە، ئاوی فڕێداوەتە دەرەوە، هیوادارم هیچ کەسیک بە ڕێگای ئاودا نەڕوات.

قومریە ئەحمەد، کوڕەکەی و بوکەکەی ١٠ مانگ دوای هاوسەرگیریی ڕێگای قاچاغیان گرتە بەر و بێسەرو شوێن بوو، ئەو لە ڕێگەی ڕۆژنیوزەوە لەگەڵ ئەوەی داوای سۆراغی كوڕەكەی و بوكەكەی دەكات، پەیامیشی ئەوەیە کەسی تر نەڕوات و ملی ئەو ڕێگەیە نەگرێت.

ئەو ژنە وتی: ماڵی ئێمە خراپ بوو، با ماڵی کەسی دیکە خراپ نەبێت، ئەو ڕێگا مەترسیدارە هەڵنەبژێرن، خەڵک لە بەر بێئیشیی و بێکاریی دەڕۆن.
ئیسماعیل یونس، وەك خۆی دەڵێت: براکەی لەناکاو بوو بڕیاری ڕۆشتنی بۆ هەندەران داوە و پێی وتوون، دەچمە توركیا ئەگەر پێم باشبوو دەڕۆم، ئەگەر نەشگونجا دەگەڕێمەوە.

“دوو برادەری لەوی بوو لە گەل ئەوان بە ڕێکەوت، سەرەتا یەختێکی گەورەیان نیشاندا، دواتر وتیان ئەوە یەختە گیراوە، بە یەختێکی دیکە بە ڕێیان کرد، پێم وت: ئەگەر لە یەختەکە دەترسیی سوار مەبە با پارەکە بڕوا، ٢١ی مانگ بە ڕێکەوت، ٢٢ی مانگ پەیوەندیيان پێوەکردم وتیان یەختێک ژێرئاو کەوتووە، هەتا ئێستا هیچ هەواڵێکی نیە” ئیسماعیل یونس وای وت.
براکەی ئیسماعیل تەمەنی ٢٦ ساڵ بووە و باسی لەوەكرد، براكەی لە بەر بێ کاریی و بێزاریی ڕۆشتووە و داوادەكات، کەسی دیکە جەرگی دایک وباوکیان نەسووتێنن، لێرە لە برسا بمری لەوە باشترە کۆچبکەن.
س.س