کەلار، بازاڕ قەرەباڵغە بەڵام کەمترین کەس پێداویستیی بۆ دەکڕدرێت

لەگەڵ نزیک بوونەوەی جەژن، هاوڵاتیانی گەرمیان شەوانە ڕوو لە بازاڕەکان دەکەن، هەندێکیان بۆ کڕینی پێویستییەکانی جەژن و هەندێکیشیان بۆ بەڕێکردنی کاتەکانیان، دووکاندارەکانیش دەڵێن بازاڕ سستە و هۆکاریشی بۆ دواکەوتنی مووچەی دەگەڕێننەوە.


زیاتر لە دوو مانگە حکومەتی هەرێم مووچەی مووچەخۆرانی نەداوە، ئەمەش وێڕای ناڕەزاییەکان، بازاڕەکانی لەم بەرەجەژنەدا بەتەواویی سستکردووە، لەم بارەیەوە هاوڵاتیانی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

بەهادین کەمال هاوڵاتییەکە و بۆ کڕینی پێداویستی جەژن ڕووی لەبازاڕ کردبوو، دەڵێت: گەر لەجەژنەکانیتردا دوو دەست جلوبەرگم کڕی بێت، ئێستا توانای کڕینی دەستێکیشم نییە، بەهۆی نەمانی مووچەوە گوزەرانی خەڵکی تاڕادەیەکی زۆر خراپە و چاوەڕێی خراپتریشی لێ دەکرێت.

بەهادین کەمال حکومەت بە باوکی میلەت دەزانێت و داواش لە خەڵکی دەکات، وەک "چۆن داوای خەرجی و هاوکاری لە باوکتان دەکەن ئاواش داوای حەقی خۆتان لە حکومەت بکەن و چیتر کەمتەرخەم مەبەن لەبەرامبەر داواکردنی مافەکانتان و حەقی خۆتان وەربگرنەوە".

کەژاڵ محەمەد'یش مامۆستایەک و دەڵێت: زۆرێک لە هاوڵاتیان هەمان ئەو پێداویستیانە بەکار دەهێننەوە کە لە جەژنی نەورۆزدا کڕیبوویان، کڕینی شتومەک بەتەواویی کەمیکردووە و هەموو ئەمانەش بۆ بێباکی حکومەت دەگەڕێتەوە بەرامبەر گەلەکەی.

مارکۆ ئیحسان' دووکاندارێکە و باس لەوە دەکات، کاتێک مامۆستایان مووچە وەردەگرن بازاڕ جۆش و خرۆشێکیتر بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام "ئێستا بازاڕ کزە و ئەوانەشی کە دێنە بازاڕ ناتوانن سەرجەم پێداویستییەکانیان پڕبکەنەوە، تەنها پێویستییە سەرەکییەکانی جەژن نەبێت".

سەعد ئەڵماس یەکێکە لەو کاسبکارانەی کە بەدیار عارەبانە چەرەسەکەیەوە دانیشتووە و چاوەڕێی مشتەرییەکە، دەڵێت: زۆربەی ئەوانەی کە دێنەدەرەوە لە بێزارییانە، هەندێکیان بەگیرفانی بەتاڵەوە دێنە بازاڕ بۆ ئەوەی کەمێک کاتیان لێ بڕوات، خەڵک هەبووە سەردانی کردوم توانای کڕینی پیاڵەیەک گڵۆبەڕۆژە یاخود پیاڵەیەک چای نەبووە!.

مەریوان عومەر دوکاندارێکی دیکەیە و ئەویش کەمیی پارە لە بازاڕەکان و نەبوونی مووچە بە هۆکاری خراپی ژیانی خەڵک و نەبوونی بازاڕیان دەزانێت، دەشڵێت: بێ پلانیی حکومەت وای لە خەڵک کردووە نەتوانێت وەک پێویست خواردنی جەژنیش بکڕێت.

س.ح