کەلار، ساڵیادی گەلەکۆمەی ١٥ی شوبات شەرمەزار کرا

لە شارۆچکەی کەلار بۆ شەرمەزارکردنی ٢٠‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی گەلەکۆمەی نێوده‌وڵه‌تی ١٥ی شوبات، بە دروشمی "گۆشه‌گیریی تێکده‌شکێنین، فاشیزم هه‌ڵده‌وه‌شێنین، کوردستان ئازاد ده‌که‌ین" گردبوونەوەیەک ئەنجامدرا.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەردەم قەڵای شێروانە لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، گردبوونەوەیەک دژی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات ئەنجامدرا، ئەوەش بە دەستپێشخەری کۆمیتەی چالاکییەکانی ١٥ی شوبات لە باشوری کوردستان و ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک.

هاوڕێ جەبار، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەرمیانی تەڤگەری ئازادی بەیاننامەی گردبوونەوەکەی خوێندەوە و تیایدا هاتبوو:" له‌ ٢٠مین ساڵوه‌گه‌ڕی پیلانگێڕیی نێوده‌وڵه‌تی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا، جارێکی دیکه‌ ئه‌و پیلانگێڕییه‌ شوومه‌ به‌ر نه‌فره‌ت ده‌ده‌ین، وه‌ک چۆن هه‌ر له ‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌ به‌رخۆدانێکی مێژوویی مه‌زنه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی ئه‌و پیلانگێڕییه بووینه‌وه‌‌، لە ئه‌مڕۆشدا به‌هه‌مان ڕۆحی به‌رخۆدانییه‌وه‌ به ‌درووشمی "گۆشه‌گیریی تێکده‌شکێنین، فاشیزم هه‌ڵده‌وه‌شێنین، کوردستان ئازاد ده‌که‌ین" ڕووبه‌ڕووی هه‌موو جۆره‌ پیلانگێڕییه‌ک ده‌بینه‌وه".

‌ئەوەش هاتبوو: "له‌به‌رده‌م ٢٠‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی ئه‌و پیلانگێڕییه‌داین، ڕێبه‌ر ئاپۆ به‌ به‌رخۆدانێکی بێهاوتادا ڕووبه‌ڕووی ئه‌و گۆشه‌گیرییه‌ داسه‌پێنراوه‌ی ئیمراڵی بوەته‌وه‌، له‌ زیندانه‌کان و هه‌ر چوار به‌شی وڵات و ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیشدا به‌ پێشه‌نگایه‌تی هاوسه‌رۆکی که‌جه‌ده‌ به‌ڕێز له‌یلا گۆڤه‌ن و ناسر یاگزدا مانگرتنێکی سه‌رتاسه‌ریی بۆ شکاندنی ئه‌و گۆشه‌گیرییه‌ی ئیمڕاڵی و کردنه‌وه‌ی رێگاچاره‌ی دیموکراتیانه‌ بۆ چاره‌سه‌ریی پرسی گه‌لی کوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت".

لە کۆتایشدا ئەوە هاتبوو:"بانگه‌وازیی له‌ سه‌رجه‌م گه‌له‌که‌مان، که‌سایه‌تی نیشتمانپه‌روه‌ر و هێزه‌ دیموکراتیخوازه‌کانی هه‌موو شار و شارۆچکه‌کانی باشوری کوردستان ده‌که‌ین، که‌ به ‌گوڕ و تینه‌وه‌ به‌شداریی له‌ چالاکییه‌کانی ڕیسواکردنی پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات و پیرۆزڕاگرتنی به‌رخۆدانی قاره‌مانانه‌ی مانگرتووان بکه‌ن، چونکه‌ مانگرتن ئیراده‌ی به‌رخۆدانه‌، به‌رخۆدانیش هه‌میشه‌ ژیانی ئازادی تێدا ده‌خوڵقێت و مسۆگه‌ر ئیراده‌ی به‌رخۆدانیی گه‌ل سه‌رده‌که‌وێت".


ک.ک