کەلار، پۆلیسێک خۆی و کەسێکی دیکەی بریندار کرد

لە سنووری شارۆچکەی کەلار، پۆلیسێک لە کاتی دەستکاریی کردنی دەمانچەکەیدا فیشەکی لەدەست دەرچووە و خۆی و کەسێکی دیکەی بریندار کردووە، کە برینی ئەو کەسەی برینداریی کردووە سەختە، پۆلیسی گەرمیانیش دەڵێت، پۆلیسەکەیان دەستگیرکردووە.


ئێوارەی ئەمڕۆ، لەنێو بازاڕی شارەدێی ڕزگاری سەربە شارۆچکەی کەلار هاوڵاتیەک، کە پیشەی پۆلیسی فریاکەوتنە دەستکاری دەمانچەکەی کردووە و فیشەک لەدەستی دەرچووە.

مقدەم عەلی جەمال قەدوری، بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێکدا لەسەر ڕووداوەکە دەڵێت: ئەوکەسەی فیشەکەکەی لەدەست دەرچووە خۆی بەسوکی برینداربووە و هاوڵاتیەک، کە لەهەمان جێگابووە بەسەختی بریندار بووە، دوای گەیاندن و چارەسەری پێویست لەبەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شەهیدهەژار لەکەلار بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراوە.

هەروەها دەڵێت: لەئێستادا دەست بەسەر دەمانجەکەدا گیراوە و ئەو کەسەی فیشەکی لەدەست دەرچووە بەپێی مادەی 416 بەندکراوە، پۆلیسیش لەسەر ڕووداوەکە دەستی بەلێکۆڵینەوە کردووە.

د.ع