شەممە, 15 سبت 2018 – 17:41 ڕۆژنیوز – سلێمانی
ئێوارەی ئەمڕۆ، یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان، لەبارەی بەڵێن و پرۆژەی لیست و کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ کەمئەندامان و بەشداریکردنی کەمئەندامان لە هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلول-دا، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان لە بارەگای یەكێتییەکە ئەنجامدا.
سامان حسێن، سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان، لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا وتی: لیست و کاندیدەکان بەڵێن و پرۆژەی زۆریان بۆ کەمئەندامان خستووەتەڕوو، ئێمە سەرجەم ئەو بەڵێن و پرۆژانەمان لای خۆمان تۆمارکردووە و ئەگەر هاتوو هەر کاندیدێک لەوانەی کە بەڵێنی بە کەمئەندامان داوە چووە پەرلەمان، ئەوکات دەچینە لای و بەڵێنەکانی خۆی دەخەینەوە پێش چاوی و داوای جێبەجێکردنیانی لێ دەکەین.
دەشڵێت: شەرمەزارییە ئەگەر لە خولی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا دۆخی کەمئەندامان هەر بەمشێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، پێویستە لە خولی داهاتووی پەرلەماندا بەجدیی کار لەسەر پرسی کەمئەندامان بکرێت.
سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان، داواشی لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کرد، کە لە رۆژی هەڵبژاردندا کارئاسانیی بۆ کەمئەندامان بکەن، هەروەها داواشی لە کەمئەندامان کرد، کە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بەو لایەنە بدەن کە خۆیان هەڵیدەبژێرن.