کەمئەندامان کورسی دەسەڵات و کورسییەکانی خۆیانیان سووتاند

وەک ناڕەزایەتییەک دەربارەی سەختی دۆخی ژیانیان و دواکەوتنی مووچەکانیان، کورسی دەسەڵات و کورسییەکانی خۆیانیان لەبەردەم نووسینگەی پەرلەمانی هەرێم لە سلێمانی سووتاند.


ئەمڕۆ، ژمارەیەک لە خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان، وەک ناڕەزایەتییەک دەربارەی سەختی دۆخی ژیانیان و دواکەوتنی مووچەکانیان لەبەردەم نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان گردبوونەوە.

سامان حسێن، لێپرسراوی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا وتی: لەسەر دەستی حکومڕانانی ئەم وڵاتە و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، سوکایەتی بە کەمئەندامان دەکرێت، مردنێکی هێواش و ژیانێکی دۆزەخیان بۆ کەمئەندامان دروستکردووە.

وتیشی: ئەگەر گوێمان لێنەگیرێت، ئەوا ڕۆژێک دێت کورسیەکانی دەسەڵات دەسوتێت و دێنە خوارەوە وەک دەسەڵاتدارانی ڕابردوو، وە کورسییەکانتان لەناو بیناکاندا دەسوتێنین.

پاشان چەندین کورسی تایبەت بە کەمئەندامی و چەندین دارشەق و کورسییەکیان سوتاند، وەک هێمایەک بە کورسی دەسەڵات.

ب.ل