کەنەکە جەژنی ڕەمەزان لە گەلی کورد و جیهانی ئیسلامی پیرۆز دەکات

کەنەکە پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزان لە گەلی کورد و جیهانی ئیسلامی زیندانیان و جەنگاوەرانی ئازادی دەکات و دەڵێت، لەم دۆخە ئالۆزەدا کە بەهۆی کۆرۆناوە بەرۆکی جیهان و ناوچەکەی گرتووە، دوژمنانی کورد ڕاناوەستن و بەردەوامن لە هێرشەکانیان، بەڵام ئێستا گەل هۆشیارە و لە ناو تێکۆشانێکی نەتەوەیی دیموکراتی سەردەمیدایە.


لە ڕاگەیەنراوێکدا، کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کەنەکە بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە دەڵێت: جەژنی ئەمساڵ بە قۆناغێکی مێژووییدا بەسەر گەلی کوردستان و گەلانی جیهاندا تێپەڕدەبێت، ئەم قۆناغە بۆ گەلانی جیهان چارەنووسازە، بەڵام لە هەموو حاڵێکدا جەژن بە واتاکانی خۆیەوە پیرۆز دەکرێت.

ئاماژە بەوەشدەکات، لەم دۆخەدا کە پەتای کۆرۆنا باڵی بەسەر جیهاندا کێشاوە، دوژمنانی گەلی کورد ڕاناوەستن و بەردەوامن لە هێرشەکانیان، لە باکور و ڕۆژاوا و باشوری کوردستان، هێرشی قڕکردن و لەناوبردن هەر بەردەوامە، دەوڵەتی تورکیا بەشێکی ڕۆژاوای کوردستانی داگیرکردووە و دەمێکیشە ڕووی لە باشووری کوردستان کردووە و ڕۆژ دوای ڕۆژ داگیرکارییەکانی لەو بەشەشدا فراوانتر دەکات، لە ڕۆژهەڵاتیش دۆخی ئاڵۆز هەر بەردەوامە، ڕۆژانە بە ناوی پاراستنی سنوورەوە کۆڵبەرو کاسبکاری کورد دەکوژرێن، لە لایەکی دیشەوە گرتن و ئەشکەنجە و لەسێدارەدان بەردەوامن.

کەنەکە پێیوایە لە بەرامبەر ئەو هێرش و داگیرکاریانەشدا بەرخۆدانێکی بێوێنە دەکرێت، شەڕی ئازادیی و بەرخۆدانی گەلی کورد بە هەموو شێوازێک بەردەوامە، هەروەها دەڵێت: "بێگومان گەلی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان و لە هەموو شوێنێکی دیکە، ئەو خەڵکەی جاران نین، ئێستا هۆشیارە و لە ناو تێکۆشانێکی نەتەوەیی دیموکراتی سەردەمیدایە، ئیدی نە دەرۆزەکەری بەردەرگای زۆردارانە و نە بەو درۆیانە دەخەڵەتێ و نە ژێردەستیش قبوڵ دەکات، ئیدی هیوای بە خۆی و ڕێبەرایەتی خۆی و تێکۆشانی خۆی هەیە".

لەو بڕوایەشدایە گەلی کوردستان لە دەرفەتێکی نزیکدا بە ئارامی و ئاشتی و ئازادیی، جەژن و ئاهەنگی شادیی دەگێڕێت.

ک.س