کەنەکە: داگیرکاریی لە پلەی زەنگی سوور دایە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، دەوڵەتی تورک لە ستراتیژی نوێیدا لە هەڵپەی ئەوەدایە مۆڵگە سیخوڕییەکانی خۆی مەزنتر بکات، هەروەها ڕەخنە لەبێدەنگی حزب و لایەنەکان و حکومەتی هەرێم دەگرن و راشیدەگەیەنن: داگیرکاریی دەوڵەتی تورک لە ناوچەکانی باشوری کوردستان لە پلەی زەنگی سوور دایە.


تادێت هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر باشوری کوردستان فراوانتر دەبێت، بێ دەنگی لایەنە فەرمییەکانیش لەهەرێم و ناوەند هێندەیتر بوواری بۆ داگیرکارییەکان ڕەخساندووە، دژی ئەو داگیرکارییانەوە، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا هەڵوێستی خۆی خستەڕوو.

کەنەکە ڕایگەیاند:"داگیرکەریی دەوڵەتی تورک لە ناوچەکانی باشووری کوردستان لە پلەی زەنگی سوور دایە و دەیانەوێت شوێنی فراوانتر بۆ هەمیشە داگیربکەن".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:"ڕاستییەکی ڕوونە هێشتا بە داخەوە زۆرینەی هێزەکانی کوردستان وەڵامێکی دروست و گەرماوگەرم و بە دەستوبرد بەم دەستدرێژییکاریی و داگیرکەرییە نادەنەوە، هەڵوێستێکی لەم جۆرە جێی پرسیارە و نیگەرانییە، لەبەرئەوەیە ئێمە بە ڕوونی دەیڵێین و دەمانەوێت کە سەرنجێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیی بخرێتە سەر ئەم مژارە جیددیە، تورکیا لە سەرەتادا لە باشور بە دامەزراندنی مۆڵگۆکە دەستیپێکرد، پاشان دەستدرێژییان کردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان بە ئامانجی لەیەک پچڕاندنی جوگرافیایی ڕۆژئاوای کوردستان و ڕێگاگرتن لەوەی کە کوردان دەستی بە دەریای سپی بگات پارچەیەکی گەورەی ڕۆژئاوایان لە جەرابلوس و عەزازەوە هەتا عەفرین داگیر کرد.

کەنەکە باسی لەوەشکردووە، کە ئامانجی سەرەکیی لەو هەوڵە داگیرکەرییە نوێییە هەر ئەوە نییە کە باشوور کۆنترۆڵ بکات، "بەڵکو ئەوەشە کە دەستی بە ڕۆژهەڵات و باکووریش بگات و لەیەکەیان داببڕێت".

لە بەردەوامییدا هاتووە:"هێرشی سەر خواکورک هەر دژ بە هێزی گەریلا نییە، بەڵکو دژ بە هەموو خەڵکی کوردستانە و بۆ داگیرکردنی سەرانسەری  کوردستانە، دەبێت لەم راستییە تێ بگەین و هەموو لایەک لە سەر بنەمای ئەم ڕاستییە تێکۆشان و بەرخۆدان بکات، هێزی گەریلا و خەڵکی ئەو ناوچانە دژ بە داگیرکەریی دەوڵەتی تورکیا بە گەرمیی تێ دەکۆشن و ڕێی پێ نادەن بە پێی مەبەست و هیوای خۆی پێش بکەوێت".

کەنەکە ئاماژەی بە پیلانەکانی دەوڵەتی تورک کردووە، کە گریمانەی ئەوە هەیە، لە دەڤەری جززێوە لە باکور بەرەو دێرک لە ڕۆژئاوای کوردستان دەست بە داگیرکەریی بکات و بەو شێوەیە ڕۆژئاوای کوردستان بکات بە سێ بەشەوە، "نیەتیی دەوڵەتی تورکیا تەواو داگیرکەرانە و دوژمنانەیە و بۆ ئەوەیە کە بە تەواوی کوردستان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە، دیارە ئەمە هەڕەشەیە لە سەر تەواوی کوردستان، نەک هەر بە تەنیا پارچەیەک و بۆ تێکدان و وێرانکردنی تەواوی کوردستانە، ئەگەر ڕێگا لە دەوڵەتی تورک نەگرین ئەوا بکوژیی و دزیی و تاڵانیی دەوڵەتی تورک کە تا ئێستا لە باکوور و ڕۆژئاوا و هەندێک شوێنی باشوور دیتوومانە لە سەر هەموو کوردستان دەبێت بە راستییەک".

کەنەکە بۆ پێشگرتن بە داگیرکاریی یەکێتی نەتەوەیی بە چارەسەریی دەزانێت و ڕاشیگەیاندووە: ئەم بێدەنگییەی حکومەت و  حزبەکان جەسارەت و غیرەت بە داگیرکەران دەدات، دڵی دۆستان دەشکێنێت و دڵی نەتەوەکەمان غەمگین دەکات.

س.ح