کەنەکە ڕایگەیاند، پێویستە سی پی تی و کۆنسەی ئەوروپا بە زووترین کات ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و گەلی کوردستان و جیهان لە دۆخی بەڕێز ئۆجالان ئاگادار بکەنەوە.
ئەمڕۆ کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ڕاگەیەندراوەکەی پارێزەرانی نووسینگەی یاسایی سەدە دەربارەی دۆخی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بڵاوکردەوە، کە تێیدا ڕایانگەیاندبوو ڕێبەر ئۆجالان ئامادەنەبووە دیدار لەگەڵ ئەو شاندەی سی پی تی-دا ئەنجامبدات، کە بەمدواییە سەردانی ئیمرالییان کردبوو.
کەنەکە ڕایگەیاندووە:”زیاتر لە ٢٠ مانگە ئاگاداری دۆخی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان نین، بەڕێز ئۆجالان ٢٤ ساڵە لەژێر گۆشەگیرییەکی قورسدا لە دوورگەی ئیمرالی ڕاگیراوە، دوایین جار ٢٥ی مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢١، پێنج خولەک لەگەڵ براکەی قسەی کرد. دوای ئەو قسەکردنە، نە خانەوادە و نە پارێزەرانی و نە کەسێکی دیکە، نەیبینیوە و قسەی لەگەڵی نەکردووە، لەگەڵ هەموو سەردانێکی خانەوادە و پارێزەرانی، دەوڵەت مۆڵەتی نەداوە کەس بچێت و بیبینێت”.
هەروەها هاتووە:”مانگی ئەیلولی ڕابردوو نوێنەری سی پی تی چووە ئیمرالی، تاوەکو ئێستا لەبارەی دۆخی بەڕێز ئۆجالان و زیندانیانی دیکە، هیچ زانیاریەکی بڵاونەکردووەتەوە، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی پارێزەرانی بەڕێز ئۆجالان، کاتێک شانی سی پی تی چووەتە ئیمرالی، بەڕێز ئۆجالان چاوپێکەوتنی لەگەڵ شاندەکە ڕەتکردووتەوە، ئەمە دۆخێکی نوێیە و جێگەی نیگەرانی و مەترسییە”.
باسی لەوەشکردووە، کە ئەوان ئەو دۆخە بەجددیی وەردەگرن و چاودێریی دەکەن، وتووشییەتی:”سی پی تی و کۆنسەی ئەوروپا بە ئەندازەی دەوڵەتی تورک بەرپرسیارن لە دۆخی بەڕێز ئۆجالان”.
کەنەکە جەختیش دەکاتەوە، کە “پێویستە سی پی تی و کۆنسەی ئەوروپا بە زووترین کات ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و گەلی کوردستان و جیهان لە دۆخی بەڕێز ئۆجالان ئاگادار بکەنەوە”.
هەروەها هاتووە:”بانگەوازیمان بۆ هەموو کوردستانیان و دۆستەکانیان ئەوەیە، کە خاوەنداری لە بەڕێز ئۆجالان و زیندانیانی دیکە بکەن و کەمپەینی ئازادیی بۆ بەڕێز ئۆجالان بە شێوەیەکی بەهێزتر بەڕێوەببەن”.
ب.ل