کەنەکە سەردانی حزبی دیموکراتی کرد

شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، سەردانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران-حدکا-ی کرد لە شارۆچکەی کۆیە.


کاتژمێر ۳ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان-کەنەکە سەردانی بارەگای سەرەکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران-حدکا-ی کرد و لە لایەن شاندێکی ئەو حزبەوە پێشوازییان لێکرا.

شاندی کۆنگرەیی نەتەوەیی کوردستان پێکهاتبوون لە هاوسەرۆکی کەنەکە ڕێبوار ڕەشید و هەر یەک لە فەرهاد دۆسکی و ئەحمەد قەرەموس و هێرش عە لی زادە و شوکراوڵا محەمەد ئەمین.

هاوکات شاندی حدکا پێکهاتبون لە محەمەد نەزیف قادری، جێگری دووەمی لێپرسراوی گشتی ئەو حزبە و ڕۆستەم جەهانگیری و فوئاد خاکی بێگی و ڕووناک فاتحی و سەلام ئیسماعیل پور .

دوای کۆبوونەوەکە محەمەد نەزیف جێگری دووەمی لێپرسراوی گشتی حدکا بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: هەردوولا جەختمان لە یەکڕیزیی ناوماڵی کورد و باشترکردنی پەیوەندی لایەنە سیاسیەکان کردۆتەوە، سەردانی هاوڕێیانی کەنەکە سەردانێکی دۆستانە بوو لەو گفتوگۆیەکەدا خاڵی هاوبەشمان هەبوو و یەکڕیزیی و کاری پێکەوەیی لە نێو هەموو شۆڕشگێڕانی کوردستاندا بە کارێکی باش دەزانین، گرنگە بە هەموو لایەک لە بەرامبەر بە دوژمنان و داگیرکەران یەکگرتوو بین، یەکگرتن دەتوانی چۆک بە دوژمناندا بێنێت.

 دواتر ڕێبوار ڕەشید هاوسەرۆکی کەنەکە ڕایگەیاند: ئەم سەردانە سەردانێکی ئاساییە و لە هەموو سەردانەکانمان بۆ ئەم پارچەیەی کوردستان ویستومانە سەردانی هەموو خەباتگێڕانی کوردستان بکەین و لەو سۆنگەیەوە، ئەمڕۆ سەردانی هاوڕێیانمان لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانمان کرد و گفتوگۆمان لەسەر بارودۆخی تەواوی کوردستان و بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و بەخۆشحاڵییەوە نزیکبوونەوەی باش دەبیندرێت لە نێوان لایەنەکان و پێشوازیان بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی.


ک.ک